دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە 18ی مانگی پێنج، دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە دواخستنی هێرش بۆ سەر ئێران وتی "من بۆ ماوەیەک دوامخستووە، هیوادارم بۆ هەمیشە بێت، بەڵام پێدەچێت بۆ ماوەیەکی کورت بێت." وتیشی "دانوستانێکی زۆر گرنگمان لەگەڵ ئێران هەیە و با بزانین دەگەینە چی ئەنجامێک."
ئاماژەی بەوەشکرد "سعودیە و قەتەر و ئیمارات و هەندێکی تر داوایان لێکردووم کە ئایا دەتوانین بۆ دوو سێ ڕۆژ دوایبخەین، بۆ ماوەیەکی کورت، چونکە پێیان وایە زۆر نزیکن لە ڕێککەوتنێک و ئەگەر بتوانین ئەوە بکەین، پێموانییە ئێران چەکی ئەتۆمی دەستبکەوێت و ئەگەر ئەوان ڕازی بن، پێدەچێت ئێمەش دڵخۆش و ڕازی بین."
ترامپ وتی "ئێمە ئیسرائیلمان ئاگادارکردووەتەوە، کەسانی دیکەمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادارکردووەتەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێمەدا هەبووە و ئەمەش پێشهاتێکی زۆر ئەرێنییە، با بزانین ئایا ئەنجامێکی دەبێت یان نا."
ئاماژەی بەوەشکرد و وتی "ئێمە چەند قۆناغێکمان هەبووە کە پێمان وابوو نزیک بووین لەوێ بگەینە ڕێککەوتن، کەچی ئەنجامیان نەبووە، بەڵام ئەمە کەمێک جیاوازە."
ترامپ وێڕای دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە تاران نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، لە وەڵامی پرسیارێکی سی ئێن ئێن سەبارەت بە تاران وتی "ئێمە وڵاتێکمان ڕاگرت کە بڕیار بوو چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و لە بنەڕەتدا سەربازی و سوپاکەیمان لەناوبرد."
وتیشی "هەر ئێستا دەتوانین ناوچەکە بەجێبهێڵین. 25 ساڵیان دەوێت تا ئەو دۆخە بنیات بنێنەوە. پێموایە دوا شت کە لە ئێستادا بیری لێدەکەنەوە ئەتۆمییە. ئێستا پێویستە ئەم بابەتە بە نووسراوەش بنووسن."
دۆناڵد ترامپ وتی"ئێمە گەورەترین سەربازیمان هەیە لە جیهاندا. ئێمە ڕێگە نادەین ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، بۆیە ئەم سێ وڵاتە و لەگەڵ ئەوانی دیکە پەیوەندییان بە منەوە کرد و ئەوان ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدان لەگەڵ گەلەکەمان و لەگەڵ ئێران لە ئێستادا و پێدەچێت ئەگەرێکی زۆر باش هەیە کە بتوانن شتێک ئەنجام بدەن. ئەگەر بتوانین بەبێ بۆردومانێکی ترسناک بیکەین، ئێمەش ڕازی دەبین بەوە."
هەر لەم چوارچێوەیەدا کەیتڵین دۆرنباس، پەیامنێری نیویۆرک پۆستیش ڕۆژی دووشەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە دۆناڵد ترامپ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەوانە ڕایگەیاندووە دوای وەرگرتنی "وەڵامی نائومێدکەری نوێی ئێران" بۆ پێشنیارەکانی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیمتیازات بە تاران نادات.
ترامپ هەروەها ولە درێژەی قسەکانیدا هەڕەشەی کردووە کە ئێران دەزانێت "زۆر بە زوویی چی ڕوودەدات."
ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند وەڵامی پێشنیارە نوێیەکەی ئەمەریکای داوەتەوە کە ئامانج لێی کۆتایی هێنان بە شەڕە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان لایەنەکاندا هێشتا بەردەوامە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند پڕۆسەی دانوستانەکانی تاران و واشنتن "بەردەوامە" و حکومەتی ئێرانیش لەلایەن ئەمەریکاوە پێشنیاری "ڕاستکردنەوە"ی لە وەڵامی پێشنیارە نوێکەی ئێراندا وەرگرتووە.