Accessibility links

سەرۆک ترامپ: هەر لەگەڵ خوێندنەوەی یەکەم ڕستە، پێشنیازەکەی ئێرانم فڕێ دا

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت گفتوگۆیەکی فراوانی لەگەڵ سەرۆکی چین دەربارەی ئێران ئەنجام داوە و ئاشکرای دەکات دواین پێشنیازی ئێران بۆ ڕێککەوتن "هەر لە یەکەم ڕستەوە مایەی قبوڵکردن نەبووە."

سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە کاتی کۆتاییهێنان بە سەردانە فەرمییەکەی بۆ چین، لە ناو فڕۆکەی ئەیەرفۆرس وەن، بە ڕۆژنامەوانانی گوت، "سەیری پێشنیازەکەم کرد. کاتێک حەزم لەیەکەم ڕستەی نەبێت، فڕێی دەدەم."

ڕۆژنامەوانێک پرسیاری لە سەرۆکی ئەمەریکا کرد، "یەکەم ڕستەی پێشنیازەکە چی بوو؟" ترامپ لە وەڵامدا ئاماژەی بە وردەکارییەکان نەکرد، بەڵام ڕایگەیاند "یەکەم ڕستەی مایەی قبوڵکردن نەبوو."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند لەگەڵ سەرۆک شی جینگپینگ "بە فراوانی" گفتوگۆیان لەبارەی ئێرانەوە کردووە.

ئاشکرای کرد باسی پرسی سزاکانی ئەمەریکایان لەسەر ئەو کۆمپانیا چینیانە کردووە کە نەوتی ئێران دەکڕن و ڕایگەیاند، "بەم زووانە لەسەر ئەمە بڕیارێک دەدەم."

ترامپ ڕایگەیاند بەرپرسانی ڕژێمی ئێران پێشتر بە کۆتاییهێنانی "ناوەکی" قایل بووبوون، بەڵام دواتر پاشگەز بوونەوە.

گوتیشی، "ئەگەر هەر چەشنێکی ناوەکییان هەبێت، باقی پێشنیازەکەیان ناخوێنمەوە."

ڕایگەیاند حکومەتی ئەمەریکا پێشنیاری وەستاندنی چالاکی ئەتۆمی ئێران بۆ ماوەی 20 ساڵ بە باش دەزانێت، "بەڵام دەبێت دڵنیاکردنەوەی تێدا بێت و 20 ساڵی ڕاستەقینە بێت."

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانی چەکوشی نیوەشەو یۆرانیۆمی ئێرانی کردووە بە "تۆز و خۆڵ،" بەڵام ئەو سورە لەسەر ئەوەی ئەمەریکا پاشماوەکەی لەژێر خاکە وێرانەکان کۆبکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، نوێنەرانی ڕژێمی ئێران "گوتیان ناتوانن بیهێننە دەرەوە، چونکە تەکنەلۆجیایان بۆ ئەمە نییە، ئەم جۆرە لە تراکتۆریان نییە...ڕاستەوخۆ پێیان گوتم تاکە لایەن بتوانێت بیهێنێتە دەرەوە چین یان ئەمەریکایە. ئێمە تاکە وڵاتین ئەو ئامێرانەمان هەیە."

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێرانییەکان گوتیان، 'ڕاست دەکەیت، بەتەواوەتی سڕاوەتەوە.' بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەمەوێت بگاتە دەستی ئێمە. ئەوانیش بەمە ڕازی بوون، بەڵام دواتر پەشیمان بوونەوە. بەڵام لە کۆتاییدا بەمە ڕازی دەبن."

This item is part of
XS
SM
MD
LG