سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا سەردانە دوو ڕۆژییەکەی بۆ چین بە مێژوویی ناودەبات و دەڵێت چەندین گرێبەستی بازرگانی "نایاب" ئەنجام دراون.
سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە ناو فڕۆکەی ئەیەرفۆرس وەن بە ڕۆژنامەوانانی گوت، "سەردانێکی ناوازەمان ئەنجام دا، کاتێکی نایاب بوو. سەرۆک شی پیاوێکی زۆر باشە؛ چەندین گرێبەستی بازرگانی نایابمان ئەنجام دا."
ترامپ ئاماژەی دا بەوەی حکومەتی چین ڕازی بووە بە کڕینی 200 فڕۆکە و 450 بزوێنەری بۆینگی ئەمەریکایی. گوتیشی، "ئەگەر ئەو فڕۆکانە باش کار بکەن، کە دڵنیام وا دەبێت،" چین خۆی وابەستە کردووە بەوەی 750 فڕۆکە لە ئەمەریکا بکڕێت.
سەرۆک ترامپ جەختی کردەوە لەوەی لەگەڵ سەرۆکی چین شی جینگپینگ "گفتوگۆیەکی زۆر" لەسەر پرسی تایوان و ئێران کراوە.
ترامپ بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، "سەرۆک شی دەربارەی تایوان نایەوێت شەڕی سەربەخۆیی ڕووبدات، چونکە ئەمە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی زۆر بەهێز دەبێت. گوێم لێی گرت، بەڵام هیچ سەرنجێکم لەسەر ئەمە نەدا."
سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ هەبێت لەنێوان ئەمەریکا و چین لەسەر پرسی تایوان و دڵنیایی دا لەوەی "پەیوەندییەکانمان زۆر باش دەبێت."
سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند لە ماوەیەکی کورتدا بڕیارێک لەسەر پرسی فرۆشتنی چەک بە تایوان دەدات.
سەرۆک ترامپ و شاندەکەی لە بەرپرسانی حکومی و گەورە بازرگانان دەوروبەری کاتژمێر حەوت و 30 خولەکی ئێوارەی چوارشەممە، ڕێکەوتی 13ی پێنجی 2026، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەیجینگ و لە دوو ڕۆژدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی چڕوپڕیان لەگەڵ بەرپرسانی چین ئەنجام دا لەسەر چەندین پرسی گرنگی وەک بازرگانی و وزە و کانزا بەنرخەکان و تەکنەلۆجیا و پرسە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان.