Accessibility links

ترامپ: کۆماری ئیسلامی دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: یان ڕێککەوتن دەکات یان لەناو دەچێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند سەبارەت بە ئێران قسەی لەگەڵ چین کردووە و وتی پێم وانییە چینیش بییەوێت کۆماری ئیسلامی چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

ترامپ وتی ئێران یان دوو بژاردەی لەبەردەمدایە "یان ڕێککەوتن دەکات یان لەناودەچێت." سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد نایەوێت ئەو کارە بکات، بەڵام ئەمەریکا خاوەنی بەهێزترین سەربازییە لە جیهاندا.

سەرۆک ترامپ وتی ئێمە مامەڵە لەگەڵ رێزی سێیەمی سەرکردەکانی ئێران دەکەین. ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕێزی یەکەم و دووەمی سەرکردایەتیان لەناوچووە و پێیم وایە رێزی سێیەم لۆژیکیتر و زیرەکترن لە ڕێزی یەکەم و دووهەمیان کە چیتر لەگەڵمان نین".

ترامپ ئەم گۆڕانکارییەی بەراورد کرد بە جۆرێک لە "گۆڕانکاری ڕژێم".

سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی "پێنج ڕۆژی"ی خایاندووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پێشنیازەی ئەمەریکا کە بۆ وەڵامدانەوە "یەک کاتژمێر زیاتری پێویست نەدەبوو"، وتی کۆماری ئیسلامی لە ناوەوە "ئاژاوەیەکی زۆری" هەیە و "جگە لە پشێوی هیچی تر نییە".

سەبارەت بە پشتیوانی چین لە کۆماری ئیسلامی، سەرۆک ترامپ وتی شی جینپینگ سەرۆکی چین بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە هیچ چەکێک بە کۆماری ئیسلامی نادات.

ترەمپ بە شان هانیتی، پێشکەشکاری بەرنامەی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند کە سەرۆکی چین ڕایگەیاندووە دەیەوێت بەردەوام بێت لە کڕینی نەوت لە کۆماری ئیسلامی.

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد ئێستا هیچ نەوتێک لە دوورگەی خارگەوە ناچێتە دەرێ و خەڵک شوێنی دیکەیان وەک تەکساس دۆزیوەتەوە بۆ کڕینی نەوت.

سەرۆکی ئەمەریکا وتی ڕەنگە چین کاریگەری لە سەر کۆماری ئیسلامی هەبێت.

وتیشی "هیوادارم کۆماری ئیسلامی ئەو چاوپێکەوتنە ببینێت، چونکە ئەمەریکا دەتوانێت بە خێرایی هەر چەکێک کە لە کاتی ئاگربەستدا بەدەستی هێنابێت، لەناوی ببات." وتیشی "ئێمە بە تەواوی دەزانین چی دەکەن... و هەموو ئەو کارانەی لە چوار هەفتەی ڕابردوودا کردوویانە، ئێمە لە ڕۆژێکدا لەناویان دەبەین."

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد دەکرا شەڕەکە "چەند هەفتەیەکی دیکە" دڕێژەی هەبوایە و کۆتاییان پێبێت، بەڵام لەسەر داوای چەند وڵاتێک شەڕەکەی ڕاگرتووە. سەرۆک ترامپ وتی کۆماری ئیسلامی دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: یان ڕێککەوتن بکات یان لەناو بچێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG