دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شان هانیتی پێشکەشکاری بەرنامەی فۆکس نیوز ستایشی شی جینپینگ سەرۆکی چینی کرد و وەک سەرکردەیەکی بەڕێز ناوی برد و ڕایگەیاند ئەگەر هۆلیوود بەدوای ئەکتەرێکدا بگەڕێت کە ڕۆڵی سەرکردەی چینی بگێڕێت، کەسێکی وەک ئەویان بۆ نادۆزرێتەوە.
سەرۆک ترامپ وتی "ئەو باڵا بەرزە، زۆر باڵابەرزە و بە تایبەتی بۆ ئەم وڵاتە، چونکە بەزۆری کەمێک خەڵکەکەی کورتترن."
سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئەگەر بچیتە هۆلیوود، کەسێکی باشت دەست ناکەوێت بتوانێت ڕۆڵی ئەو بگێڕێت." ئاماژەی بەوەشکرد شی جینپینگ ماوەیەکی زۆرە توانیویەتی سەرکردایەتی "نزیکەی 1.5 ملیار کەس" بکات و "رێزێکی زۆری لێدەگیرێت".
هەروەها ئاماژەی بە ئاهەنگی پێشوازییەکەی کرد و وتی زۆر نایاب بوو "ئەو نمایشە سەربازییە سەرسوڕهێنەر بوو."
وتیشی "ئەوە نیشاندانی ڕێزگرتنێکە کە چین بۆ ئەمەریکا نیشانی داوە؛ ئەمەریکا ڕێزی لێ گیراوە."
سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد ماوەیەکی زۆرە سەرۆکی چینی دەناسێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ئامادەبوونی سەرکردە بازرگانییە ئەمەریکاییەکان کرد کە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵیدا بوون بۆ چین و گوتی، ئەو بازرگانانەی لەگەڵ من هاتوون بۆ "گرێبەست و هێنانەوەی هەلی کار" بۆ ئەمەریکا لێرەن. ئاماژەی بەوەشکرد چین بڕیارە "سەدان ملیار دۆلار" وەبەرهێنان بکات، هەر بۆیە نوێنەرانی بازرگانییەکان لەوێ بوون.
سەرۆک ترامپ هەروەها وتی "نزیکەی هەموو سەرکردە گەورەکانی بازرگانی" لەوێ بوون و ئەمەی بە شانای ناو برد.
سەرۆکی ئەمەریکا لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی "ئەمەریکا زۆر چاوەڕێی ئێران ناکات."
بەڵام لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرکردەکانی ئێستای حکومەتی ئێرانی کە واشنتن لە پەیوەندیدایە لەگەڵیان بە "عەقڵانی" ناودێر کرد.
ترامپ هەروەها وتی پێدەچێت شی جینپینگ سەرۆکی چین توانای کاریگەریی لەسەر حکومەتی تاران هەبێت و ئامادەیە یارمەتی چارەسەرکردنی گرژییەکان بدات.
سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی شی دەیەوێت تەنگەی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کۆماری ئیسلامی نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.