Accessibility links

ترامپ دەڵێت سەرۆکی چین پێشنیاری یارمەتی بۆ ڕێککەوتنی ئێران داوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای دیدار لەگەڵ هاوتا چینیەکەی ڕایگەیاند شی جینپینگ پێشنیاری کردووە یارمەتی بدات لە نێوەندگیری بۆ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران و دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە، هەروەها بەڵێنیدا کەرەستەی سەربازی بۆ ئێران نەنێرێت.

سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتن لەگەڵ شان هانیتی وتی "سەرۆک شی دەیەوێت ڕێککەوتنێک بکرێت. بەڕاستی دەیەوێت ڕێککەوتن سەر بگرێت و پێی وتم ئەگەر بکرێت بە هەر شێوەیەک بێت خۆشحاڵ دەبێت یارمەتیدەر بێت."

ترامپ وتیشی " سەیرکە هەرکەسێک ئەم بڕە نەوتە بکڕێت جۆرێک لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوان (ئێران)دا بۆی دروست دەبێت بەڵام ئەو پێی وتم ئەگەر بتوانم بە هەر شێوەیەک بە خۆشحاڵیەوە پێم خۆش دەبێت یارمەتیدەر دەبم. ئەو دەیەوێت تەنگەی هورمز بە کراوەیی بهێڵێتەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها لەبارەی لێدوانەکانی دیکەی سەرۆکی چین وتی "ئەو وتی بڕیار نییە کەلوپەلی سەربازی بداتە ئێران و زۆر بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەمەی وت."

دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و چین، کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەمەریکا و چین ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی پێویستە تەنگەی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە بۆ پاراستنی ڕۆیشتنی ئازادی وزە، هەروەها سەرۆکی چین دژی بە سەربازیکردنی ئەو ڕێڕەوە ئاوییەیە.

دۆناڵد ترامپ پێش گەشتەکەی بۆ چین بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو ئەمەریکا پێویستی بە یارمەتی چین نییە سەبارەت بە ئێران.

This item is part of
XS
SM
MD
LG