نزیکەی 15 کاتژمێر دوای گەیشتنی بۆ بەیجینگ، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لە بەردەم 'هۆڵی گەورەی گەل' چاوی کەوت بە هاوتا چینییەکەی و دوای مەراسیمێک کۆبوونەوەکانیان دەستپێکرد.
کاروانی ئۆتۆمبێلی سەرۆک ترامپ و شاندەکەی نزیکەی کاتژمێر دەی سەرلەبەیانی بە کاتی چین گەیشتە بەردەم باڵەخانەی حکومەتی چین، ناسراو بە 'هۆڵی گەورەی گەل.' لەوێ هاوتا چینییەکەی شی ژین پینگ پێشوازی لێ کرد و لە کەشێکی دۆستانەدا مەراسیمێکی بەخێرهێنانی بۆ سازکرا.
پاشان شی چووە بەردەم شاندی ئەمەریکا و تەوقەی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵادا کرد، لە نێوانیان وەزیری جەنگ پیت هێگسێث، وەزیری گەنجینە سکۆت بێسێنت و وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆ.
هەروەها ترامپ بەرەوە لای شاندی چین هەنگاوی ناو لە دەرەوەی هۆڵی گەورەی گەل تەوقەی لەگەڵ چەند بەرپرسێکیان کرد، لە نێوانیان جێگری سەرۆکی چین و بەرپرسی باڵای بازرگانی هی لایفینگ.
دوای مەراسیمەکە، سەرۆکی هەردوو وڵات و شاندەکانی دانوستانکار چوونە ناو هۆڵی گەورەی گەل بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەسەر چەندین پرسی هاوبەش.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک شی بە سەرۆک ترامپی ڕاگەیاند، "لەپاش نۆ ساڵ، جارێکی تر بەخێر بێیتەوە بۆ چین...هەموو جیهان چاودێری کۆبوونەوەکەمان دەکات. لە ئێستادا گۆڕانکارییەکان بەجۆرێک سەریانهەڵداوە کە نزیکەی سەدەیەکە بەو ئەندازەیە نەبینراون و دۆخی جیهان بەرزی و نزیمی بەخۆیەوە دەبینێت."
سەرۆکی چین پیرۆزبایی یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی ئەمەریکای کرد و جەختی کردەوە لەوەی چین و ئەمەریکا خاڵی هاوبەشیان زیاترە لە خاڵی جیاواز. گوتیشی، "دەبێت هاوبەشی یەکتری بین نەک پێشبڕکێکار و بەیەکەوە کار بکەین بۆ گەشەی ئابووریمان."
لای خۆیەوە سەرۆک ترامپ جەختی لە پەیوەندی 'هاوڕێیانەی' لەگەڵ شی کردەوە و ڕایگەیاند "داهاتووێکی نایابمان بەیەکەوە دەبێت."
ترامپ گوتیشی، "زۆر بەپەرۆشم بۆ گفتۆگۆکەمان، کە گفتوگۆیەکی مەزن دەبێت. دەگوترێت ڕەنگە ئەمە گەورەترین کۆبوونەوەی لوتکەیی بێت."
سەرۆک ترامپ و شاندەکەی لە بەرپرسانی حکومی و گەورە بازرگانان دەوروبەری کاتژمێر حەوت و 30 خولەکی ئێوارەی چوارشەممە گەیشتنە بەیجینگ بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوە لەسەر چەندین پرسی گرنگی نێوان ئەمەریکا و چین.
جگە لە پرسی بازرگانی و کانزاکان و تایوان، بڕیارە کێشەی ئێران و هاتوچۆی کەشتییەوانی لە تەنگەی هورمز یەکێک لەو بابەتانە بێت کە لەم سەفەرەدا باسی لێوە دەکرێت.