سەرۆک دۆناڵد ترامپ شەوی چوارشەممە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیجینگ لە یەکەم سەردانی سەرۆکی ئەمەریکادا لەوەتای ساڵی 2017 وە بۆ چین.
بەپێی کۆشکی سپی سەرۆک ترامپ لە فڕۆکەخانەی بەیجینگ لەلایەن هان ژێنگ جێگری سەرۆکی چین و شی فێنگ باڵیۆزی چین لە واشنتۆن و ما ژاوکسو جێگری وەزیری دەرەوە لەگەڵ دەیڤید پێردوی باڵیۆزی ئەمەریکا لە چین پێشوازی لێکرا.
مەراسیمی پێشوازیکردنەکە بریتی بوو لە نمایشێكی سەربازی و نمایشێکی گەنجانی چینی کە تیایا نزیکەی 300 گەنجی چینی ئاڵای چین و ئەمەریکایان دەشەکاندەوە و دروشمی "بەخێر بێیت، بەخێر بێیت! بەخێرهاتنی گەرم!"یان بە زمانی مەندەری دەچڕی.
سەرۆک ترامپ لەسەر فەرشی سوور وەستا و بە زەردەخەنەوە تەوقەی کرد، پێش ئەوەی بە ئۆتۆمبێلەکەی بەڕێبکەوێت.
یاوەرانی ترامپ لەم گەشتە فەرمییەیدا بریتین لە مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوە، پیت هێگسێت وەزیری جەنگ و سکۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریکاش کە پێشتر لە ناوچەکەدا بوو.
بێجگە لە وەزیرانی کابینە شاندێکی نزیکەی 17 سەرکردەی بازرگانی ئەمەریکاییش لەم گەشتەدان، لەوانە ئیلۆن ماسک بەڕێوەبەری کۆمپانیای تێسلا، تیم کوک بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەپڵ، کێلی ئۆرتبێرگ بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بۆینگ و لاری فینک بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بلاک ڕۆک.
جێنسن هوانگ بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای Nvidia لە دوا ساتدا بەشداری گەشتەکەی کرد و ئەو لە ئەلاسکا لە دەمی وەستانی فڕۆکەکە بۆ سوتەمەنی بەشداری لە گەشتەکە کرد. لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال سەرۆک ترامپ بەشداری هوانگی ڕاگەیاند و بە "جێنسن هوانگی مەزن" ناودێری کرد و وتی داوا لە شی دەکات " چین بە ڕووی ئەم کەسە دروشاوانەدا بکاتەوە تا ئەمانیش کاری سەرسوڕهێنەری خۆیان بکەن."
کارنامەی لوتکە
بڕیارە لوتکەی دوو ڕۆژیی لە پێنجشەممە و هەینی 14 و 15 ی مانگی پێنج بەڕێوەبچێت.
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی سەرکردەکانە لە دوای ئەوەی لە پەراوێزی لوتکەی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن لە بوسان لە کۆریای باشوور لە ئۆکتۆبەری 2025 دانوستانیان ئەنجامدا.
گفتوگۆی بازرگانی پێش دەسپێکردنی لوتکە
پێش گەیشتنی ترامپ، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سکۆت بێسنت نزیکەی سێ کاتژمێر وتووێژی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دەوڵەت هێ لیفینگ لە ژوورێکی پێشوازی VIP لە فڕۆکەخانەی ئینچۆن لە کۆریای باشوور ئەنجامدا بۆ ئامادەکاری وتووێژمەکانی بازرگانی. هیچ کام لە لایەنەکان پوختەیەکی وردی گفتوگۆکانیان پێشکەش ڕانەگەیاند.
ترامپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Truth Social ڕایگەیاندووە، یەکەم داوای کە لە شی دەکات ئەوە دەبێت، چین بەڕووی ئەو بەڕێوەبەرە بازرگانییە ئەمەریکییانەی کە لەگەڵیدا گەشت دەکەن، بکاتەوە.
گوا جیاکۆن، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامدا ڕایگەیاند، بەیجینگ ئامادەیە بۆ "فراوانکردنی هاوکارییەکان، بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان و هەوڵدان بۆ سەقامگیری و دڵنیایی زیاتر بۆ جیهان.
بازرگانی: درێژکردنەوەی ڕێککەوتن و میکانیزمی نوێ
پێشبینی دەکرێت لوتکەکە بە شێوەیەکی زۆر گرنگی بە پاراستنی ڕێککەوتنی بازرگانی بدات کە لە ئۆکتۆبەری 2025 لە کۆریای باشوور ئەنجام درابوو. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ترامپ باجی لەسەر کاڵا چینییەکان ڕاگرت کە گەیشتبووە 145%، چینیش بەڵێنیدا بەرهەمی کشتوکاڵی زیاتری ئەمەریکایی هاوردە بکات، هەروەها پاشەکشەی کرد لە سنووردارکردنی فراوانتر بۆ هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان.
بڕیارە ئەمەریکا و چین تاوتوێی ئەگەری کڕینی فڕۆکەی بۆینگ و کاڵای کشتوکاڵی ئەمەریکایی و بەرهەمە وزەییەکانی چین بکەن. جەیمسۆن گریر، نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ هی لیفینگ بەهای پێشنیارکراوی "دەستەی بازرگانی" نوێی حکومەت بۆ حکومەت باسکراوە بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکییە ئابوورییەکان. کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، هەردوولا پێویستیان بە ڕەزامەندی ناوخۆیی دەبێت بۆ دروستکردنی دەزگایەکی لەو شێوەیە.
لای خۆیەوە بەیجینگ داوای سووککردنی سنووردارکردنی ئەمەریکای کردووە بۆ هەناردەکردنی کەرەستەکانی دروستکردنی چیپ و نیمچەگەیەنەرە پێشکەوتووەکان بۆ چین.
دەسەڵاتی گومرگی ترامپ لەلایەن دادگاکانەوە سنووردار کراوە. دادگای باڵا بڕیاریدا ترامپ دەسەڵاتی ئەوەی نییە تاکلایەنە زۆرێک لە باجەکانی ساڵی ڕابردوو بسەپێنێت و دادگایەکی فیدراڵی هەفتەی ڕابردوو دژی باجەکانی جێگرەوەی بڕیاریدا.
کانزا دەگمەنەکان
چین و ئەمەریکا تاوتوێی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی کانزا دەگمەنەکان لە لوتکەکەدا دەکەن. بەڵام داتاکانی گومرگی چین دەریدەخەن کە هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان نزیکەی 50% دابەزیوە لەو کاتەوەی چین لە مانگی چواری 2025 کۆنترۆڵەکانی سەپاندووە. ئەم ماددانە لە بواری فڕۆکەوانی، بەرگری، نیمچەگەیەنەر و بەرهەمهێنانی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنرێن.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاند "تیمی سەرۆک بە بەردەوامی لەگەڵ چین پەیوەندی دەکەن بۆ دڵنیابوون لە ڕۆیشتنی کانزا دەگمەنەکان لە هەمان کاتدا زنجیرەی دابینکردنی متمانەپێکراو و خۆڕاگر دروست دەکەن".
کۆنتڕۆڵی هەناردەکردنی چیپ
یاسای پێشنیارکراوی ئەمەریکا کە بە یاسای MATCH ناسراوە و لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات خراوەتە ڕوو، فرۆشتنی ئامێرەکانی دروستکردنی چیپ بۆ چین سنووردار دەکات و تەکنەلۆژیای ئەمەریکا و ژاپۆن و هۆڵەندا دەکاتە ئامانج.
پڕۆژە یاساکە بە دەنگی 36 دەنگ بەرامبەر بە 8 لە لیژنەی کاروباری دەرەوەیی ئەنجومەنی نوێنەران پێشکەوت.
وەزارەتی بازرگانی چین هۆشداریدا لەوەی ئەگەر یاساکە پەسەند، "بە توندی سیستەمی ئابووری و بازرگانی نێودەوڵەتی تێکدەدات" و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد.
تایوان
پرسێکی دیکەی مشتومڕلەسەر پرسی تایوانە.
لە مانگی دوانزدەدا بەڕێوەبەرایەتی ترامپ پاکێجێکی چەکی 11 ملیار دۆلاری بۆ تایوان ڕاگەیاند، کە گەورەترین پاکێج بوو تا ئێستا. پاکێجی دووهەمیش بە بەهای نزیکەی 14 ملیار دۆلار ڕاپۆرت کراوە، هەرچەندە دۆخی پاکێجەکەی ڕوون نییە.
پەرلەمانی تایوان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆندایە هەفتەی ڕابردوو نزیکەی 25 ملیار دۆلار کڕینی چەکی پەسەند کرد کە دوو لەسەر سێی بودجەی بەرگری تایبەت بە بڕی 40 ملیار دۆلار ییە کە سەرۆکی تایوان لای چینگ تێ داوای کردبوو.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سیاسەتی ئەمەریکا سەبارەت بە تایوان نەگۆڕاوە "نامانەوێت هیچ گۆڕانکارییەکی زۆرەملێ یان لە دۆخەکەدا ببینین".
ڕۆژی سێشەممە، لای لە لوتکەی دیموکراسی کۆپنهاگن ڕایگەیاند کە تایوان "گەلێکی سەروەر و سەربەخۆیە" و کڕنۆش بۆ فشارەکان نابات.
چین پێش لوتکەکە دژایەتی خۆی بۆ فرۆشتنی چەکی ئەمەریکا بە تایوان دووپاتکردەوە و تایوان بە بەشێک لە خاکەکەی دەزانێت.
شەڕی ئێران و تەنگەی هورمز
ترامپ پێش ئەوەی لە واشنتۆن بڕوات، وتی "پێموانییە پێویستمان بە هیچ هاوکارییەک بێت لەگەڵ ئێران، ئێمە بە هەرشێوەیک بێت، بە ئاشتیانە یان بە شێوەیەکی تر سەردەکەوین."
شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ڕژێمی ئێران کە لە 28ی شوباتەوە بە دەستیپێکرد، بە شێوەیەکی کاریگەر بووەتە هۆی داخستنی تەنگەی هورمز، کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی و گازی سروشتی بە شێوەیەکی ئاسایی پیایدا تێپەڕدەبێت. دوای زیاتر لە مانگێک لە جێبەجێکردنی ئاگربەست، داواکارییەکانی ئەمەریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لە یەکتر دوورن.
بە پێی داتاکانی چاودێری کەشتییەکان ڕۆژی چوارشەممە، کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە ئاڵای چینی لەسەر بوو و دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتبوو، هەوڵی تێپەڕاندنی تەنگەکەی دابوو. بەڕێوەبەرایەتی ترامپ ڕایگەیاند، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و چین مانگی ڕابردوو ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هیچ وڵاتێک نابێت پارەی هاتوچۆی ئەو تەنگەیە وەربگرێت.
بازاڕی نەوت و کاریگەری ئابووری
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت لە سەرووی 100 دۆلارەوە مایەوە. نرخی نەوتی خاوی برێنت لە دەوروبەری 107 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە و بەڕێژەی 0.3% دابەزیوە. نرخی نەوتی وێست تەکساس بە 102.04 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، کە بەڕێژەی 0.1% دابەزیوە. هەردوو پێوەرەکە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێرانەوە لە 100 دۆلار زیاتر بوون.
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، لە سەرانسەری ساڵی 2026دا، خستنەڕووی نەوتی جیهانی بە ڕێژەی نزیکەی 3.9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە خواست کەمدەبێتەوە و زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل لە دابینکردنی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشتر لەدەستچووە. هەروەها ئۆپێک پێشبینییەکانی گەشەی خواست لەسەر نەوتی جیهانی بۆ ساڵی 2026 لە ڕۆژی چوارشەممەدا دابەزاند.
نرخی شتومەک لە ئەمەریکا لە مانگی چواردا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەورەترین بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ساڵانەی تۆمارکرد لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵدا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی خۆراک و کرێ و کرێی فڕۆکە. ترامپ ڕایگەیاند لەسەر بنەمای گرفتە داراییەکانی ئەمەریکاییەکان بڕیاری ستراتیژی شەڕەکە نادرێت "بیر لە یەک شت دەکەمەوە: ناتوانین ڕێگە بدەین ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت".
لایەنی مێژووییی
پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و چین لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی دووی ساڵی 1972، کاتێک سەرۆک ڕیچارد نیکسۆن بووە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا کە سەردانی کۆماری گەلی چین بکات. نیکسۆن لە میانی سەردانێکیدا لە 21ی دوو تا 28ی دوو لە بەیجینگ لەگەڵ سەرۆکی پارتی کۆمۆنیست ماو زێتۆنگ و سەرۆک وەزیران ژۆو ئێنلای کۆبووەوە، کە بە ڕاگەیەندراوی شەنگهای زەمینەسازی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کرا.
هەردوو وڵات لە 1ی مانگی یەکی ساڵی 1979 بە فەرمی پەیوەندی دیپلۆماسییان دامەزراند، لە سەردەمی سەرۆک جیمی کارتەر و دێنگ شیاوپینگ سەرۆکی چین. لەو کاتەوە هەموو سەرۆکێکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرکردەی باڵای چین کۆبووەتەوە.
لە ساڵی 2014 سەرۆکی چین شی جینپینگ میوانداری سەرۆک باراک ئۆبامای کرد بۆ گەشتێکی ئێوارە لە کۆمەڵگەی سەرکردایەتی ژۆنگنانهای لە بەیجینگ.
لە مانگی 11ی ساڵی 2017 سەرۆکی چین شی میوانداری ترامپی کرد بۆ سەردانێک کە بەیژینگ بە "سەردانی فەرمی تایبەت" ناوی برد - تاکە دەستنیشانکردنی لەو جۆرە بوو کە چین بۆ هەر سەرکردەیەکی بیانی کردبێتی و بریتی بوو لە ئێوارەخوانێکی تایبەت لە مۆزەخانەی کۆشک و مەراسیمێک کە تاییدا مارشی نیشتمانی ئەمەریکا لەگەڵ باندی موزیکی لەشکری چین پێشکەش کرا.
سەرۆک جۆو بایدن لە ساڵانی 2022 و 2023 و 2024 لە ئیندۆنیسیا و ویلایەتی کالیفۆرنیا و پیرۆ لەگەڵ شی کۆبووەوە. پاشان ترامپ و شی لە لوتکەی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن لە شاری بوسان لە کۆریای باشوور لە ئۆکتۆبەری 2025 کۆبوونەوە و لەوێ هەردوولا گەیشتنە ئاگربەستی بازرگانی. لوتکەی ئێستای بەیجینگ یەکەم سەردانی سەرۆکێکی دانیشتووی ئەمەریکایە بۆ چین لە دوای گەشتەکەی ترامپ لە ساڵی 2017وە.
لە دوای سەردانەکەی ترامپ لە ساڵی 2017 ، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و چین بەهۆی ناکۆکی بازرگانی و پەتای کۆڤید-19 و کێبڕکێی تەکنەلۆژیا و ناکۆکی لەسەر تایوان تێکچووە.