وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، هاووڵاتییەکی بە ڕەگەز ئێرانی دانیشتووی نیویۆرک تاوانی بە قاچاخهێنانی خەڵکی بیانی و کۆکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان بەسەردا ساغ بووەتەوە.
ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی داد کە ڕۆژی سێشەممە 12 ی مانگی پێنج بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، شارۆن گەوهەری کە لە نیویۆرک ژیاوە و زوو زوو سەردانی ئێرانی کردووە لە لایەن دادگای فیدڕالییەوە تاوانبارکراوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، گەوهەری نەخشەی بۆ پەنابەرانی نایاساییی ئێرانی کێشاوە کە لە ئێرانەوە بچنە تورکیا و لەوێشەوە بۆ مەکسیک و دواتر بێنە ناو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە. لە نێو ئەو کەسانەی بە قاچاخ هێناونی بۆ ناو ئەمەریکا کەسێک لە لایەن پاسەوانی سنوورەوە دەستگیر کراوە کە خۆی دانی بەوەدا ناوە پێشتر لە هێزە سەربازییەکانی ئێران و هێزی پاسداران کاری کردووە و لە ناوخۆی ئێران و مالیزیا ئەرکی سەربازیی هەبووە.
لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، لێکۆڵەرانی فیدڕالی بابەتی دەستدرێژیی سێکسییان لەناو مۆبایلەکەی گەوهەریدا دۆزییەوە، بە جۆرێک کە تەنانەت دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵانی نزیکەی پێنج ساڵانیشی تێدابووە. دوای بە دەستگەییشتنی ئەم نامانە، گەوهەری لە کورتەنامەکاندا ئارەزووی خۆی بۆ پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ خوێندکارانی ئامادەیی نیشان داوە.
داواکاری گشتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی نیویۆرک گوتی ''تۆمەتبار لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا ژیانی خەڵکانی دیکەی زیاتر لە جارێک خستووەتە مەترسییەوە''. داواکاری گشتی ڕایشیگەیاند ''بەشەکەمان بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون بۆ ئەو شەڕانگێزە نێودەوڵەتییانەی کە لە وڵاتەکەماندا تاوان دەکەن. بە تایبەت کاتێک بابەتەکە پەیوەندیدار بێت بە گرووپی تیرۆرستیی وەکوو سوپای پاسداران کە بەردەوام هەوڵ دەدەن زیانمان پێ بگەیەنن.''
وەزارەتی داد لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت "سەدان وێنە و ڤیدیۆی ژنانی نیویۆرک لە مۆبایلی تاوانباردا دۆزراوەتەوە کە لە شوێنە گشتییەکان گیراون و وا دەردەکەوێت ئاگاداری ئەوە نەبن وێنەیان دەگیرێت و ڤیدیۆیان تۆمار دەکرێت. هەندێک لە وێنەکان وا دیارن کە بە ئامانج ویستوویەتی وێنەی جلوبەرگی ژێرەوەیان بگرێت و لە هەندێک وێنەدا هەمان ژن لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا وێنەی گیراوە، کە ئەمەش نیشانی دەدات کە تاوانبار بە دوایانەوە بووە."
جەسیکا تیش ئەفسەری پۆلیسی نیویۆرک گوتی ''هەر کەسێک هەوڵ بدات بگاتە ئامانجەکانی لە ڕێگەی دەستدرێژیکردن یان ئیستیغلالکردن – بە تایبەت لە بەرانبەر منداڵان – بێگومان باجەکەی دەدات."
گەوهەری ڕەگەزنامەی ئەمەریکی وەرگرتووە و پێش دەستگیرکردنی لە ناوچەی ڕۆزلینی نیویۆرک نیشتەجێ ببوو. لە مانگی پێنجی ساڵی 2025دا دەستگیر کرا و لە 12ی مانگی پێنجی 2026دا لە دادگەی بڕۆکڵینی نیویۆرک تاوانەکانی لەسەر ساغ بووەوە.