ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، بڵایکردووەتەوە ئیمارات بە نهێنی هێرشی سەربازیی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامداوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەم هەنگاوەش ئیمارات دەکاتە لایەنێکی کارا لە شەڕەکەدا.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ، یەکێک لە هێرشەکانی ئیمارات بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە مانگی چواردا ڕووی داوە و پاڵاوگەی نەوتی دوورگەی لاڤانی لە ئێران کردووەتە ئامانج.
کۆماری ئیسلامی چەندین جار هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر ئیمارات ئەنجامداوە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە هێرشە نهێنییەکانی ئیمارات ئەوە دەردەخات کە ئیمارات ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەیە هێزی سەربازی خۆی بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئابووری و فراوانبوونی کاریگەرییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.