دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی پێنجشەممە چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی ئێران بۆ سەر سێ کەشتی ئەمەریکا، وتی "سوپاکەمان لە سەرانسەری جیهاندا بە باشی کار دەکات. ئەوان کارێکی سەرسوڕهێنەر دەکەن. ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان لە گفتوگۆداین. ڕەنگە بیستبێتتان کە ئەمڕۆ سێ لە فڕۆکەهەڵگرەکانمان بە زۆر شتدا تێپەڕاندووە و تا ڕادەیەکی زۆر تێکمانشکاندوون."
سەرۆک ترامپ لەکاتی سەردانیکردنی نۆژەنکردنەوەی حەوزی مۆنۆمێنتی لینکۆڵن لە واشنتن وتی"هیچ زیانێک بە کەشتییەکان و سەربازەکانمان نەگەیشت، بەڵام ئەوان تەقەیان لێدەکردین و ئێمەش وەڵاممان دانەوە. هێزی ئێمە زۆر زیاتر بوو لە هێزی ئەوان و ئێمە بە توندی لێماندان. ئێمە بەشێکی زۆر لە بەلەمە خێراکانمان لەناوبرد."
وتیشی "کۆماری ئیسلامی بەلەمی بچووک یان بەلەمی خێرای هەیە کە هەندێک چەکیان لە پێشیەوە داناوە."
وتی "ئێران ئێستا ئەم بەلەمانە لەبری هێزی دەریاییەکەی بەکار دەهێنێت."
سەرۆک ترامپ وتی "ئەوان پێشتر 159 کەشتییان هەبوو؛ ئێستا هیچیان نەماوە و هەموویان لە بنی دەریادان. لەبری ئەوە، ئەو شتە بەکاردەهێنن کە پێی دەڵێن بەلەمی خێرا. بەلەمێکی خێرا چییە؟! تەنها خێرایە و لە پێشەوە دۆشکەیەکی هەیە. ئێمە زۆرێکیانمان لەناو بردووە، لەنێویاندا چەند دانەیەکیان ئەمڕۆ. دوێنێ هەشتمان لەناوبردووە. بە تێکڕا ڕۆژانە هەشت بەلەمیان لەناو دەبەین."
سەرۆکی ئەمەریکا وتی "ئەوە زۆر سادەیە. کەسێک پرسیاری کرد کە پلانەکەت چییە؟ من گوتم پلانەکە زۆر سادەیە:ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. نابێت بۆمبی ئەتۆمی هەبێت، و ئەوەش ڕوونادات."
ترامپ وتی کۆماری ئیسلامی "بەڕاستی گەیشتووەتە کۆتایی خۆی. بەڕاستیش وایە. پێموایە هەمووان لێرە هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەگەر هەیانبێت، هەستێکی باشمان نابێت."
ئاماژەی بەوەشکرد "هەرگیز ڕێگەیان پێنادەین چەکی ئەتۆمییان دەستبکەوێت، ئەگەری ئەوە سفرە، ئەوان ئەوە دەزانن و ڕازیبوون لەسەری، ئێستا دەبێت بزانین ئامادەن ڕێککەوتنەکە واژۆ بکەن یان نا."
ترامپ: ئێران سەردەمانێک 159 کەشتی هەبوو، ئێستا چەند بەلەمێکی خێرای هەیە کە هەندێک چەک لە پێشیانەوە دانراوە