Accessibility links

کاردانەوەی سەرۆک ترامپ بەرامبەر بە هێرشی ئێران بۆ سەر فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمەریکا

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمەریکا و وەڵامدانەوەی هێرشەکان لەلایەن سێنتکۆمەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث ئێوارەی پێنجشەممە ڕایگەیاند "سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگری هێزی دەریایی ئەمەریکا لەژێر تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا تەنگەی هورمزیان بەجێهێشتووە" و ئاماژەی بەوەشکرد "کەشتییەکان هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە، بەڵام زیانێکی زۆر بەر هێرشبەرە ئێرانییەکان کەوتووە."

سەرۆک ترامپ نووسیویەتی "ئەوان بە بەتەواوی لەناوچوون، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بەلەمی خێرا کە لەبری هێزی دەریایی تێکشکاوی ئێران بەکاردەهێنرێن، زۆر بەخێرایی و کاریگەرانە ڕەوانەی بنی دەریا کران."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە کە مووشەکی ئێرانی ئاراستەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمەریکا کراوە و وتی "بە ئاسانی مووشەکەکان رێگریان لێکراوە و خراوەتە خوارەوە، بە هەمان شێوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هێرشیان کردووە و لە ئاسماندا تێکشکێنراون و بە جوانی کەوتونەتە بن زەریاوە، وەک چۆن پەپوولەیەک بکەوێتە ناو گۆڕەکەیەوە!"

سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی "وڵاتێکی ئاسایی ڕێگەی بەو کەشتیانە دەدا تێپەڕن، بەڵام ئێران وڵاتێکی ئاسایی نییە، ئەوان لەلایەن شێتەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێن و ئەگەر دەرفەتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییان هەبوایە، بێ گومان ئەو کارەیان دەکرد، بەڵام هەرگیز دەرفەتیان بۆ ناڕەخسێت، و هەروەک چۆن ئەمڕۆ جارێکی دیکە تێکمان شکاندن، ئەگەر بە زووترین کات ڕێککەوتنەکەیان واژۆ نەکەن، ئێمە زۆر بە توندتر و توندوتیژتر ئەوەیان بەسەردا دووپات دەکەینەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی "سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکا بە تیمە سەڕسوڕهێنەرەکانیانەوە ئێستا دەگەڕێنەوە بۆجێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران کە بەڕاستی وەک دیوارێکی پۆڵایین وایە."

This item is part of
XS
SM
MD
LG