Accessibility links

سەرۆک ترامپ: یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران وەردەگرین

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوپاتی کردەوە کە ئەمەریکا یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران وەردەگرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە.

سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت"ئێمە وەریدەگرین." ئەو بە ئاماژەدان بە گەمارۆی دەریایی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران وتی "ئێمە دۆخەکەمان بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە. ئەم گەمارۆیە سەرسوڕهێنەرە و وەک دیوارێکی پۆڵایین مامەڵە دەکات."

سەرۆک ترامپ لە ڕێوڕەسمی "ڕۆژی دایکانی سەرباز" لە کۆشکی سپی، جارێکی دیکە ئاماژەی بە هەوڵەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا کرد و وتی "ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانێک دەکەین کە زۆر تامەزرۆن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، دەبێت چاوەڕێ بکەین و بزانین ئایا دەتوانن بگەنە ڕێککەوتنێک کە بۆ ئێمە جێگەی ڕەزامەندی بێت یان نا."

دۆناڵد ترامپ میوانداری کۆمەڵێک سەربازی دایکی کرد و وەک هێمای خۆڕاگری و "باشترینەکانی وڵات" ستایشی کردن و وتی"ئێوە لە پشووەکان، ڕۆژی لەدایک بوون، دەرچوون، تەنانەت بیستنی یەکەم قسەی منداڵەکانتان بێبەش بوون، زۆرێک لە ئێوە زیاتر لەوەی خەیاڵیش بۆی بچێت، شوێنی ژیانتان گۆڕیوە، بەڵام هەموو ئەمانە لە پێناو خۆشەویستی ئەمەریکادا بووە."

سەرۆک ترامپ کە لەگەڵ خانمی یەکەم، مێلانیا بەشداری بۆنەکەی کرد و ستایشی خانمی یەکەمی کرد بۆ کارەکانی و وتی "ئەو وەک خانمی یەکەم کارێکی سەرسوڕهێنەری کردووە و دایکێکی نایاب و ناوازەیە."

This item is part of
XS
SM
MD
LG