سەرۆکی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت "هێشتا زووە" بیر لە ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمەریکا و ئێران بکرێتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، لە کاتێکدا سەرچاوە هەواڵییەکان باس لە نزیکبوونەوەی لێکتێگەیشتنێک دەکەن و ئەمەریکا 'پرۆژەی ئازادی' وەستاندووە.
ماڵپەڕی نیویۆرک پۆست لە پەیوەندییەکدا لە سەرۆک دۆناڵد ترامپی پرسیوە ئایا پێویست دەکات دەزگاکە تیمێکی ڕۆژنامەوانی بنێرێت بۆ ئیسلامئاباد بە مەبەستی ڕووماڵکردنی ئەگەری ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمەریکا و ئێران لە پاکستان؟ ترامپ لە وەڵامدا گوتوویەتی، "پێم وانییە."
ترامپ بە نیویۆرک پۆستی گوتووە، "پێموایە جێبەجێی دەکەین—زۆر دوورە."
پێش ئەم لێدوانە، سەرۆک ترامپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی تروث سۆشیەڵ، ڕایگەیاند، "بەو ئەگەرەی کە ئێران بەو شتە ڕازی بێت کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، کە ڕەنگە گریمانەیەکی گەورە بێت- ئەوا ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی، کە هەر ئێستاش ناوی لەسەر زاری هەمووانە، کۆتایی پێدیت و ئەو گەمارۆ زۆر کاریگەرەی ئێستاش، ڕێگە دەدات تەنگەی هورمز بەڕووی هەموواندا کراوە بێت، بە خودی ئێرانیشەوە."
سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەشکردووە ئەگەر ئێران ڕێککەوتن قبوڵ نەکات، بۆردومانەکان دەستپێدەکەنەوە و دەشڵێت، "بەداخەوە ئەمجارە لە ئاست و چڕییەکی زۆر زیاتر دەبێت بە بەراوەرد بەوەی لە ڕابردوودا بینیومانە."
ماڵپەڕی نیویۆرک پۆست ئاماژە بەوە دەدات سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەجی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی پچڕاندووە و گوتوویەتی کۆبوونەوەی هەیە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان.