Accessibility links

ترامپ: ئەگەر ئێران ڕێککەوتنەکە قبوڵ نەکات، بۆردومانەکان زۆر چڕتر دەستپێدەکەنەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پەیامێکی نوێدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی تروث سۆشیەڵ، نووسیویەتی "بەو ئەگەرەی کە ئێران بەو شتە ڕازی بێت کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، کە ڕەنگە گریمانەیەکی گەورە بێت- ئەوا ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی، کە هەر ئێستاش ناوی لەسەر زاری هەمووانە، کۆتایی پێدیت و ئەو گەمارۆ زۆر کاریگەرەی ئێستاش، ڕێگە دەدات تەنگەی هورمز بەڕووی هەموواندا کراوە بێت، بە خودی ئێرانیشەوە."

سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەشکردووە ئەگەر ئێران ڕێککەوتن قبوڵ نەکات، بۆردومانەکان دەستپێدەکەنەوە و دەشڵێت بەداخەوە ئەمجارە لە ئاست و چڕییەکی زۆر زیاتر دەبێت بە بەراوەرد بەوەی لە ڕابردوودا بینیومانە.

پۆستەکەی دۆناڵد ترامپ چەند کاتژمێرێک دوای ئەو هەواڵانە هات کە باس لەوە دەکەن ئێران و ئەمەریکا لە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی یەک لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ نزیکبوونەتەوە.

پێشتر ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە "دوو بەرپرسی ئەمەریکا و دوو سەرچاوەی دیکە" بڵاویکردبووە، واشنتن پێشبینی دەکات لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی ئێران لەسەر چەند بابەتێکی سەرەکی وەربگرێت. لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە تائێستا هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایی پێنەهاتووە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە، ئەمە نزیکترین هەنگاوە لە ڕێککەوتنەوە لەوەتای جەنگەکە دەستیپێکردووە.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگاداری پاکستانی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە ڕاپۆرتی ئەکسیۆس سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنەکە "دروستە". ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆر بە زوویی ئەم دۆسیەیە دادەخەین. لە ڕێککەوتن نزیک بووینەتەوە".

This item is part of
XS
SM
MD
LG