وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی ئێران هێشتا دەرفەتی لەبەردەم ماوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی دیپلپۆماسی، بەڵام دەبیت بەکردار بیسەلمێنێت کە بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ناوەکییەوە نییە.
مارۆکۆ روبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، "ڕێگایەکی دیپلۆماسی ڕاستەقینە هەیە بۆ چارەسەری ئەم پرسە، ئێران دەبێت بێتە ژێرباری ڕێککەوتن...پێچەوانەکەشی بریتییە لە زیادبوونی گۆشەکیری ئێران و داڕمانی ئابووری و لە کۆتاییدا داڕمانی تەواوەتی."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی هەڵسوکەوتەکانی ئێران لە گەرووی هورمز دەچنە خانەی بەبارمتەگرتنی وزەی جیهانەوە. بۆ ڕێگری لە بەردەوامی ئەم ڕەفتارانەی ئێران، ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانانی دورگەی عەرەبی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ڕەشنوسی بڕیارنامەکە بە هاوبەشی لەگەڵ بەحرەین و سعودیە و ئیمارات و کوەیت و قەتەڕ پێشکەش دەکرێت.
وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە ئەمەریکا لە جێبەجێکردنی 'پڕۆژەی ئازادی' هەڵوێستی بەرگیرکار دەبێت و دەستپێشخەری هێرشکردن ناکات بەڵام وەڵامی هەر دوژمنکارییەکی ئێران دەداتەوە.
ڕایگەیاند گەمارۆکانی سەر ڕژێمی ئێران لە زیادبووندان و ئابوورییەکەی لە ڕووخاندایە، "بە ڕێژەی 90٪ی کۆی گشتی بازرگانی ئێران وەستاوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی زیانی هەمیشەیی بۆسەر ژێرخانی نەوتی ئێران."
دەشڵێت ئەم گوشارە ئابووریانەی ئەمەریکا لە وەڵامی کردەکانی "چەتەیی دەریایی" ڕژێمی ئێرانن.
وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند، "وەک سەرۆکیش پێشتر ئاماژەی کردووە، ئۆپەراسیۆنەکانی توڕەیی ئەفسانەیی کۆتاییان هاتووە و ئێستا چوینەتە قۆناغێکی ترەوە." جەختی کردەوە لەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەبێت بە ڕوونی پرسی ئەو 440 کیلۆگرام ئۆرانیۆمە یەکلایی بکاتەوە کە ئێران پیتاندویەتی.
مارکۆ ڕوبیۆ گوتی، "هیچ وڵاتێک بە ئەندازەری ئێران هاوڵاتیانی جیاواز نین لە دەستەڵاتدارەکانی. ئێران لەلایەن توندرەوانی شیعەوە بەڕێوەدەبرێت؛ ڕەنگە هاوڵاتیانی ئێران شیعە بن بەڵام توندڕەو نین، بەڵکو کەسانی ئاسایین و ژیانێکی ئاساییان دەوێت و خاوەنی مێژووێکی مەزنن."