Accessibility links

ئەمەریکا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری دیاری دەکات بۆ زانیاری لەسەر سەرکردەی بزووتنەوەی نوجەبا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند پاداشتێکی تا دە ملیۆن دۆلاری پێشکەش بە هەرکەسێک دەکات کە زانیاری لەسەر سەرۆکی بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی بداتە ئەمەریکا.

بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری کە پڕۆگرامێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە، لە هەژماری خۆی لە ئێکس داوای لە ڕای گشتی کردووە هەر زانیارییەکیان هەیە لەسەر ئەکرەم عەباس کەعبی کە سەرۆکی بزووتنەوەی نوجەبایە، پێشکەشی ئەو وەزارەتەی بکەن و بۆ ئەمەش پاداشت وەربگرن.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکە وێنەیەکی کەعبی بڵاوکردووەتەوە و بە دامەزرێنەر و سەرۆکی بزووتنەوەی نوجەبا ناوی بردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاتووە "ئەکرەم عەباس کەعبی سەرۆکی بزووتنەوەی نوجەبایە، ئەم گروپە میلیشیایەکی عێراقی سەر بە ئێرانە."

بەڕێوەبەرایەتییەکە هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە ئەندامانی بزووتنەوەی نوجەبا هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و بنکە سەربازییەکانی لە عێراق و سوریا، لەو هێرشانەشدا سەربازێکی ئەمەریکایی کوژراوە و چەند سەربازێکی دیکەش برینداربوون."

ئەمەریکا لە ساڵی 2019 بزووتنەوەی نوجەبا و سەرۆکەکەی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش بە هۆی هێرشی تیرۆریستی ئەم گرووپە لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG