Accessibility links

ترامپ: پێویستە ئێران ئاڵای سپی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان هەڵبکات

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هێزی سەربازی ئێران هیچی نەماوە و تاران "پێویستە ئاڵای سپی تەسلیمبوون و خۆبەدەستەوەدان هەڵبکات" و وتیشی بەڵام خۆی بە شت دەزانێت و ئەم کارە ناکات.

دۆناڵد ترامپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی وتی توانای سەربازی ئێران دابەزیوە بۆ هەڵدانی "چەکی سەرەتایی و بێکاریگەر" و سەرەڕای لێدوانی شەڕانگێزانەی لە میدیاکاندا، بە نهێنی داوای ڕێکەوتنێک دەکات.

سەرۆک ترامپ وتی "ئەوان یاری دەکەن، بەڵام با ڕاشکاوانە بڵێم، ئەوان دەیانەوێت ڕێککەوتنێک بکەن. وە کێ ئەمەی نایەوێت لە کاتێکدا هێزی سەربازیت بە تەواوی لەناوچووە."

ترامپ هەروەها ستایشی گەمارۆی ئەمەریکای بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران کرد و وتی "ئەوە وەک پارچە پۆڵایەک وایە. کەس بڕیار نییە کێشە بۆ ئەم گەمارۆیە دروستبکات و پێموایە زۆر باش کاری کردووە."

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە چ کارێکی ئێران بە پێشێلکردنی ئاگربەست دادەنرێت، سەرۆکی ئەمریکا وتی "بۆتان دەردەکەوێت، چونکە پێتان دەڵێم... ئەوان دەزانن کە دەبێت چی نەکەن."

وتیشی "ئێران پێویستە ئاڵای سپی تەسلیمبوون بەرز بکاتەوە."

سەرۆکی ئەمریکا وتی ئێران دەبێت کاری ژیرانە بکات و بگەنە ڕێککەوتن، وتیشی سەرەڕای ئاگربەستە لەرزۆکەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام هیچ ئارەزووی کوشتنی ئێرانییەکانی نییە.
ترامپ وتی "پێویستە ئەوان کارە زیرەکەکان بکەن، چونکە ئێمە نامانەوێت بچینە ژوورەوە و خەڵک بکوژین. بەڕاستی ئێمە نامانەوێت ئەمە بکەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر هێرش نەکرایە سەر ئێران، "چەکی ئەتۆمی دەستکەوت و پێدەچوو ئێستا هەموومان لێرە نەبوایان، دەتوانم پێتان بڵێم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو دەچوو، ئیسرائیل لەناو دەچوو."

وتیشی "ئەمانە کەسانی مەترسیدارن و ئێمە ڕێگە نادەین کەسانی شێت دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگات. هێزی چەکی ئەتۆمی شتێکە کە تەنانەت نامەوێت باسی بکەم."

This item is part of
XS
SM
MD
LG