جەنەراڵ دان کەین سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا ئاماژەی دەدات بە بەردەوامی هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکە و کەشتییە بازرگانییەکان لە دوای ئاگربەست و دەڵێت بەو هۆیەوە زیاتر لە 22 هەزار و 500 دەریاوان لە ئاوەکانی گەرووی هورمز گیریان خواردووە.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لەگەڵ وەزیری جەنگ پیت هێگسێس لە پنتاگۆن ڕایگەیاند، "لەو کاتەوەی ئاگربەست ڕاگەیێندراوە، ئێران نۆ جار هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دەستی بەسەر دوو کەشتیدا گرتووە، هەروەها زیاتر لە دە جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا."
جەنەراڵ دان کەین ئاماژەی دا بە هێرشەکانی دوێنێ ئێران و پشتڕاستی کردەوە کە ڕژێم سێ هێرشی بۆ سەر ئیمارات ئەنجام داوە و هێرشێکی کردووەتە سەر عومان.
ڕاشیگەیاند، "هەروەها بە مووشەکی کروز و درۆن و بەلەمی بچووک هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمەریکا کە بەرگرییان لە کەشتیوانی بازرگانی دەکرد لە گەرووەکە. هێلیکۆپتەرەکانی MH 60 هێزی دەریایی ئەمەریکا و هێلیکۆپتەرەکانی ئەپاچی AH64ی هێزی سەربازی سەرکەوتووانە ئەو مەترسیانەیان لەناو برد."
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا ئەوەی ئاشکرا کرد لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕژێم، لە ئێستادا نزیکەی 22 هەزار و 500 دەریاوان و زیاتر لە هەزار و 550 کەشتی لە "دورگەی عەرەب" گیریان خواردووە و ناتوانن بێنە دەرەوە.
هەروەها ئاماژەی دا بەوەی ئێستا بەشی باشووری گەرووەکە بە نزیکەی 15 هەزار سەرباز لە هێزەکانی دەریایی و ئاسمانی و پیادەی ئەمەریکا دەپارێزرێت، بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی ڕژێمی ئێران دژ بە کەشتیوانی بازرگانی.