Accessibility links

ترامپ: ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییەکانی ئەمەریکا، لەسەر ڕووی زەوی دەسڕدرێتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز هۆشداریی بە کۆماری ئیسلامی دا ئەگەر هێرش بکاتە سەر کەشتییە ئەمەریکاییەکان کە بەناو گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، ئەوا "لە سەر ڕووی زەوی دەسڕدرێتەوە".

هاوکات سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ئێران تەقەی لە کەشتییە جەنگییەکان و کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا کردووە، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەوە بدات کە ئایا ئاگربەستی ئەمەریکا و ئێران کۆتایی هاتووە یان نا.

براد کوپەر وتی هێزەکانی ئەمەریکا شەش بەلەمی بچووکی ئێرانیان لەناوبردووە و ڕێگرییان لە مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە لەلایەن ئێرانەوە هەڵدراون، ئەمەش لەکاتێکدا ئەمەریکا دەستیکردووە بە ئۆپەراسیۆنی کردنەوەی تەنگەی هورمز.

کوپر وتی بە توندی هوشداری داوەتە هێزەکانی ئێران کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە سەروەت و سامان و ئامێرە سەربازییەکانی ئەمەریکا دوور بکەونەوە.

هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە 'پڕۆژەی ئازادی'ی بەمەبەستی ئازادکردنی تێپەڕبوونی کەشتییەکانی سەر بە وڵاتانی بێلایەن لە شەڕی ئەمەریکا ئێران لە تەنگەی هورمز دەستپێکرد.

لە کاتێکدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا باس لەوە دەکات دوو کەشتی بە ئاڵای ئەمەریکا توانیویانە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە بەو تەنگەیەدا تێپەڕێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG