Accessibility links

سەرۆک ترامپ: عەلی زەیدی بە هاوکاری ئێمە بوو بە کاندیدی سەرۆک وەزیران

سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات کاندیدی تازەی شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بە هاوکاری ئەمەریکا توانیویەتی لە کێبڕکێکان سەرکەوتوو بێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا کاندیدبوونی نوری مالیکی ڕەتکردەوە.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، "من زۆر بە هێزەوە پشتگیریم لێ کرد لە عێراق. دوێنێ گفتوگۆیەکی بەهێزمان هەبوو، پیرۆزباییم لێی کرد... بە هاوکاری ئێمە بردیەوە."

ترامپ عەلی زەیدی بە 'پیاوێکی زۆر باش' ناوبرد و گوتی، "دەمانەوێت زۆر سەرکەوتوو بێت و پێم گووت ئەمەریکا بۆ تەواوی ڕێگاکە لەگەڵی دایە."


گوتیشی، "ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە بوو، سەرکردەی نوێی عێراق کەسێکە ئێمە بە هێزەوە پشتگیری لێ دەکەین."

هاوپەیمانی شیعەکان کە بە "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" ناسراوە، ڕۆژی دووشەممە عەلی زەیدی وەک کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناساند و دواتر باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا پیرۆزبایی لەو کاندیدە کرد.

پێشتر چوارچێوەی هاوئاهەنگی نوری مالیکی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران دەستنیشان کردبوو.

بەڵام لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ ترامپ بە توندی نوری مالیکی ڕەتکردەوە و ئەو کات ڕایگەیاند، "دەبیستم وڵاتی مەزنی عێراق ڕەنگە هەڵەیەکی گەورە بکات، ئەویش بە دانانەوەی نوری مالیکی لە پۆستی سەرۆک وەزیران. دوا جار کە مالیکی لەسەر دەسەڵات بوو وڵاتەکە کەوتە هەژاری و بێ سەروبەرییەکی تەواو. نابێت ڕێگە بدرێت جارێکی دیکە ئەمە ڕووبداتەوە. ئەگەر بێت و هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چیتر یارمەتی عێراق نادات وە ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ هەلێکی بۆ سەرکەوتن و گەشەکردن و ئازادی نابێت. عێراق مەزن بکەنەوە!"

This item is part of
XS
SM
MD
LG