Accessibility links

هێڵی ئاسمانی ئەمەریکا لە پاش زیاتر لە 7 ساڵ گەشتەکانی بۆ ڤێنیزوێلا دەستپێکردەوە

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئەمەریکا American Airlines ڕۆژی پێنجشەممە یەکەم گەشتی خۆی لە نێوان ئەمەریکا و ڤێنیزوێلا ئەنجام دا ، ئەمەش دوای زیاتر لە 7 ساڵ لە ڕاگرتنی گەشتەکانی نێوان ئەمەریکا بۆ ئەو وڵاتە. گەشتەکە لە شاری میامی ویلایەتی فلۆریدا بۆ کاراکاسی پایتەختی ڤێنیزوێلا بوو.

لەشکری ئەمەریکا لە مانگی یەکی ئەمساڵ، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەو وڵاتە ئەنجام دا و لە ئاکامدا نیکۆلاس مادورۆ ، سەرۆکی ئەو کاتەی ڤێنیزوێلا لەگەڵ هاوسەرەکەی دەستگیرکران و هێنرانە ئەمەریکا بە ئامانجی دادگاییکردنی لەسەر بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و چەندین تاوانی دیکە.

پاشان سەرۆک ترامپ بڕیارێکی دەرکرد بۆ لابردنی کۆت و بەندەکانی سەر گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ڤێنیزوێلا.

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئەمەریکەن ئێرلاینز فڕۆکەیەکی بۆ ئەم گەشتە بەکارهێنا کە بۆیاخێکی نوێ کراوە بە بۆنەی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمەریکا لەم بارەیەوە لەسەر پێگەکەی لە ئێکس نووسیویەتی ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی‌یە!

سوپاسی تیمی وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکای کرد لەسەر جێبەجێکردنی کارەکان بە خێرایی بۆ کردنەوەی ئاسمانی ڤێنیزوێلا لە بەردەم گەشتەکاندا. دەشڵێت ئەمە هەلێکی ئابوری مەزنە بۆ هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و ڤێنیزوێلا.

ئەمەریکەن ئێرلاینز دەڵێت بە نیازە ڕۆژانە گەشتی هەبێت لە نێوان ئەمەریکا و ڤێنیزوێلا.

لەوەتای ساڵی 2019 حکومەتی ئەمەریکا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ڤێنیزوێلا ڕاگرت، بەهۆی نەبوونی سەقامگیری و قەیرانی ئابوری و سیاسی لەو وڵاتە، هەروەها کارمەندانی ئاسایشی ئەمەریکایی بۆیان نەبوو بگەنە فڕۆکەخانەکانی ڤێنیزوێلا بە مەبەستی دابینکردنی سەلامەتی بۆ گەشتە ئاسمانییەکان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG