پاشای بریتانیا چارڵزی سێیەم کە بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمەریکایە، ڕۆژی سێشەممە لە دووەم ڕۆژی سەفەرەکەیدا وتارێکی لە کۆنگرێسی ئەمەریکا پێشکەش کرد.
پاشای بەریتانیا لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای قۆناغێکی نادڵنیایی و ململانێ لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەریتانیا و ئەمەریکا هەمیشە وەک هاوپەیمانێکی هەمیشەیی دەمێننەوە و وتی شان بە شانی یەکتر لە بەرگریکردن لە دیموکراسیدا پێکەوە هەنگاو هەڵدەگرن و پشتگیری یەکتر دەبن.
پێش وتارەکەی پاشای بەریتانیا، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس پیرۆزبایی و بەخێرهاتنی لە شا چارڵزی سێیەم کرد بەبۆنەی ئامادەبوونی لە دانیشتنی هاوبەشی کۆنگرێسدا.
پادشای بەریتانیا وتی "جیاوازی بۆچوونمان هەرچییەک بێت، یەکگرتووین لە پابەندبوونمان بە پاراستن و پێشخستنی دیموکراسی و پاراستنی گەلەکەمان لە زیان، هەروەها سوپاسگوزارین بۆ ئازایەتی ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکانمان."
هەروەها ئاماژەی بە سەردانەکەی شاژن ئەلیزابێت بۆ ئەمەریکا کرد و وتی "دایکی کۆچکردووم لە ساڵی 1991دا ئەم شانازییەی پێبەخشرا و بە هەمان شێوە لە ژێر پەیکەری ئازادی قسەی کرد."
لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئەو یەکگرتوویی و ئیرادەیەی لە دوای 11ی سێپتەمبەرەوە بینرا، ئێستاش پێویستە بۆ بەرگریکردن لە ئۆکرانیا، ئێمە ئەوکات لەگەڵتان وەستاین، ئێستاش لەگەڵتان وەستاوین."
وتارەکەی چارڵزی سێیەم بۆ کۆنگرێس دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترامپ چەندین جار ڕەخنەی لە کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گرت لەسەر ئەوەی لەشەڕی دژ بە ئێران ئامادە نەبوو بنکەکانی بەریتانیا بۆ هێڕشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێن.
پاشای بەریتانیا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا: سەرەڕای ناکۆکیەکانمان، ئێمە وەک هاوپەیمانێکی هەمیشەیی دەمێنینەوە