دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و مێڵانیا ترامپ خانمی یەکەم ئێوارەی دووشەممە لە کۆشکی سپی پێشوازیان لە شا چارڵز و شاژن کامیڵا کرد.
ئەم گەشتە چوار ڕۆژەیەی شا چارڵز و شاژنی بەریتانیا بە گرنگترین و کاریگەرترین گەشتی سەردەمی پاشای بەریتانیا ناو دەبرێت کە هاوکاتە لەگەڵ 250 ساڵەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکا.هەروەها یەکەم سەردانی پاشایەکی بەریتانیایە بۆ ئەمەریکا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا.
دوابەدوای ڕووداوەکەی شەوی شەممە لە ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی و دەستگیرکردنی هێرشبەرێکی چەکدار، حکومەتی بەریتانیا پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە سەردانەکەی چارڵزی سێیەم و شاژن کامیڵا وەک پلانی بۆ دانراوە، بەڕێوەدەچێت.
هەروەها بڕیارە چارڵزی سێیەم لە کۆنگرێسی ئەمەریکا وتارێک پێشکەش بکات. ئەم پێشهاتەش پێشتر تەنها یەک جار ڕووی داوە.
حکومەتی بەریتانیا هیوادارە ئەم گەشتەی پاشای بەریتانیا ببێتە مایەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و لەندەن کە لەم دواییانەدا لەسەر شەڕی ئێران دەستیپێکردووە.
گرژییەکانی نێوان بەریتانیا و ئەمەریکا لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە کییەر ستارمەر سەرەتا ڕەتیکردەوە هێزەکانی ئەمەریکا بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی هێرشی دژ بە ئێران. بەڵام دواتر بەریتانیا ڕێگەی بە بەکارهێنانی بنکەکانی دا تەنها بۆ مەبەستی بەرگری، بەڵام ستارمەر بەردەوام بوو لە پێداگری لەسەر ئەوەی وڵاتەکەی ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکە ناکات و ئەم هەڵوێستانەش کاردانەوەی توندی دۆناڵد ترامپیان لێکەوتووە.