رووداوی تەقەکردن لە ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتن کاردانەوە و هەڵویستی کەسایەتی، لایەنە سیاسییەکان، و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوخۆی ئەمەریکا بە دوای خۆیدا هێنا.
سەرۆک ترامپ ئەم ڕووداوەی بە "هێرشێکی تاکەکەسی" ناو برد و ستایشی خێرایی کرداری هێزە ئاسایشییەکانی کرد. ئەو ئەم ڕووداوەی وەک بەڵگەیەک دانا بۆ ئەوەی کە کەسایەتییە گشتییەکان زیاتر دەبنە ئامانج.
هەروەها، پۆلیسی نهێنی کە بەرپرسیارە لە پاراستنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دۆخەکە بە خێرایی کۆنترۆڵ کرا، بەڵام لە هەمانکاتدا ئاماژەی بەوەش کرد کە پێداچوونەوەی تەواوی بۆ سیستەمی پاراستن دەکرێت.
مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئەم ڕووداوەی بە "کێشەیەکی گەورەی ئاسایش" دانا و داوای لێپرسینەوەی فەرمی کرد.
حەکیم جێفری ڕێبەری کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بە زیادبوونی توندوتیژی سیاسی کرد و داوای کەمکردنەوەی توندی وتارە سیاسییەکانی کرد.
میچ مەککانێڵ سیناتۆری کۆماری سێنەت هەروەها زیاتر جەختی لەسەر کێشەکانی ئاسایش کرد و داوای لێکۆڵینەوەی وردی کرد بۆ ئەوەی دەربکەوێت کە چۆن تاوانبارەکە گەیشتوەتە ناو شوێنەکە.
چاک شومەر رێبەری دیموکراتەکان لە سینات ئەم هێرشەی بە "هێرشێک دژ بە دامەزراوە دیموکراتییەکان" ناو برد و داوای پێداچوونەوەی ڕێکارەکانی ئاسایشی کرد.
سیناتۆری ئۆهایۆ بێرنی مۆرێنۆ، کە لەو ڕووداوەدا ئامادە بوو، دەڵێت "ئێمە باشترین هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا لە سەر زەویمان هەیە. ئەوان قارەمانانی ڕاستەقینەن کە شایەنی پشتگیری، ڕێز و خۆشەویستیی بێ مەرجن."
ئەندامی کۆنگرەی سینسیناتی گرێگ لەندسام لە ئێکس دەڵێت "سوپاسگوزارم، وەک هەموومان دەبێت، بۆ کردارە خێرا و زۆر بوێرانەکانی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا سپاسگوزار بین."
سەرۆکی ئێف بی ئای کەش پەتێل کە خۆی وەکوو میوان لەوێ بوو و دەستبەجێ لە دەمی ڕووداوەکە ڕۆڵی گێراو و داوای لە ئامادەبوان کرد پاڵ کەون و هەوڵی خۆپاراستنیان بدەن، ئەم گرتە ڤیدیۆیەی لە میدیاکاندا دەنگی دایەوە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە تویتێکدا نوسیویەتی شەوی ڕابردوو باشترین سەرکردایەتی ئەمەریکامان بینی " شانازی دەکەم بە کارکردنم بۆ سەرۆک ترامپ کە پشتیوانییەکی بەهێزی جێبەجێکردنی یاسایە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، و شانازی دەکەم بە بەڕێوەبردنی ئەم ئاژانسەی کە ڕۆژی 24 کاتژمێر و هەفتەی 7 ڕۆژ کاردەکات بۆ پاراستنی ئەمەریکاییەکان."
فەرمانڕەوای ئۆهایۆ مارک دێواین هەروەها لە پۆستێکدا دەڵێت " من و فران [هاوسەرم] نزا دەکەین بۆ بەردەوامبوونی سەلامەتی سەرۆک و خانمی یەکەم، جێگری سەرۆک، و هەموو ئەوانەی لەو شەودا لە میوانداری و هۆتێلەکەدا ئامادە بوون."
کامالا هەرێس جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ئەم ڕووداوەی بە زۆر "بێزارکەر" ناو برد و جەختی لەسەر یەکگرتوویی کردەوە. رۆن دێسانتێس، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و رکابەڕێکی سەرۆک ترامپ لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی کۆماریەکان ئەم هەلەی بەکار هێنا بۆ ئەوەی جارێکی تر پێداگری بکاتەوە لەسەر گرینگی بەهێزکردنی هێزە ئاسایشیەکان. ئەلێگزاندرا ئۆکاسیۆ کۆرتێز هەروەها ئەم ڕووداوەی بە ئەنجامی توندوتیژی و دژایەتی سیاسی زانی.
لەناو کاسبکارە بەناوبانگەکان ئیلۆن ماسک بابەتە فەرمییەکەی کۆشکی سپی کە بانگەوازی سەرۆک ترامپی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی جیاوازییەکان لەخۆی گرتبوو دیسان هاوبەش کردۆتەوە، دانا وایتیش سەرۆکی دەستەی کارگێڕی UFC کە خۆی لە بۆنەکەدا بەشدار بووە لە ڤیدیۆیێک هەر لەوێ ئەڵێت ئەزموونێکی بێ وێنە بوو.
کەسایەتیە ناسراوەکانی جیهانی میدیاش هەروەها پەرچەکرداریان پیشان داوە. ئەندێرسێن کووپێر، پێشکەشکاری بەناوبانگی سی ئێن ئێن ئەم ڕووداوەی وەک "نزیک لە کارەساتێک" وەسف کرد و مێگن کێلی پێشەکشکاری بەناوبانگی ئەمەریکی ڕەخنەی توندی لە کەمبوونی پاراستن گرت.
بیل ئۆرایلی، پێشەکەشکاری بەناوبانگی کۆنسێرڤاتیڤیش هەروەها گێڕانەوەی خۆی لە دۆخەکە باس کردووە و گوزارشتی لە سەلامەت بوونی خۆی و هاوکارەکانی داوە.
رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش بەرامبەر ئەم رووداوە هەڵویستیان نیشان داوە. ڕێکخراوەکانی پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەوانی وەک کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەوانان و رۆژنامەوانانی بێ سنوور ڕایانگەیاند کە ئەم ڕووداوە نیشانەیەکە بۆ زیادبوونی مەترسی لەسەر ڕۆژنامەوانان، بە تایبەت لە ڕووداوە سیاسییە گەورەکاندا.