هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، سێ ناوچەی موشەکهاوێژی ڕێکخراوی تیرۆریستی حزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند" هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی دێر ئەلزەهرانی، کفر ڕامان و ئەلسامییە لە باشووری لوبنان و چەند ئامانجێکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی حزبوڵڵایان لەناوبردووە".
هەروەها ڕاشیگەیاند، ئەو موشەکهاوێژانەی لەناوبران، هەڕەشە بوون بۆ سەر ئاسایشی هێزەکانی ئیسرائیل و هاووڵاتیان.
سوپای ئیسرائیل گوتیشی" هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناوچەی بەرگری هێڵی پێشەوە بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان بۆ سەر هاووڵاتییان و هێزەکانی ئیسرائیل."
شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەردەوامە، سەرەڕای ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمەریکا.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچەکانی دیکەی لوبنان کەمبوونەتەوە، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، حزبوڵا ڕۆژانە ئاگربەست پێشێل دەکات و سوپای ئیسرائیل وەڵامی ئەو پێشێلکارییانە دەداتەوە.