Accessibility links

تورکیا دەڵێت لە پاککردنەوەی مینەکانی تەنگەی هورمز بەشداری دەکات

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی دەتوانێت بەشداری لە پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لە مین بکات، پاش هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیی کە ڕەنگە لە نێوان تاران و واشنتن بێتە ئاراوە.

فیدان ئێوارەی شەممە لە لەندەن لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان، وتی پێشبینی دەکرێت دوای هەر ڕێککەوتنێک، تیمێکی تەکنیکی دەست بە کار ببێت بۆ پاککردنەوەی مینەکان لەم تەنگەیەدا.

ئەو ڕایشیگەیاند کە تورکیا بە شێوەی بنەڕەتی ئەم هەوڵانە وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی باش دەبینێت و ئەگەر ئەو هەلومەرجانە هەبن "هیچ کێشەیەکی" لە بەشداری لە پاککردنەوەی مینەکاندا نابێت.

پێشتر، سێنتکام، هاوکات لەگەڵ یەکەمین قۆناغی کۆبوونەوەی ئیسلامئاباد لە نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند کە پاککردنەوەی مین لە تەنگەی هورمز دەستی پێکردووە.

براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکام، گوتی "ئێمە ئەمڕۆ دەستمان کرد بە دروستکردنی ڕێگایەکی نوێ و بە زووترین کات ئەم ڕێگا پارێزراوە لەگەڵ کەشتیە بازرگانیەکان هاوبەش دەکەین بۆ هەوڵدان بە ئازادیی بازرگانی."

لە ڕۆژی هەینی 24ی مانگی چوار، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترامپ کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک لە تەنگەی هورمز و هۆشداری دا کە ئەگەر حکومەتی ئێران هەوڵ بدات مین دابنێت یان ئاسایشی گەشتیاری بازرگانی بخاتە مەترسی، هێزەکانی ئەمەریکا بەبێ دوودڵی و بەمەبەستی لەناوبردنیان دەست بە تەقە دەکەن.

ئەو جەختی کردەوە کە هەرچەندە هەندێ ڕێگای سنووردار بۆ کەشتییە نائێرانیەکان کراوەیە، بەڵام گەمارۆی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی هەتا کاتی بڕیاری کۆتایی لەلایەن ترامپ بە هێزەوە بەردەوام دەکات.

فیدان هەروەها لەو وتووێژەدا وتی ئەگەر لایەنێک لەو هاوپەیمانییە تەکنیکیەکە لە داهاتوودا ببێتەو بە لایەنێک لە شەڕ، تورکیا هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێتەوە.

ئەو هەروەها باوەڕی وایە کێشەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی دەتوانرێت لە قۆناغی داهاتووی گفتوگۆکان لە پاکستان چارەسەر بکرێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، کە وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆیە، لە سەردانی بۆ بەریتانیا باسی لەو قەیرانە کەرد کە بەهۆی داخستنی تەنگەی هۆرمز هاتۆتە ئاراوە.

زیاتر لە 12 وڵات هەفتەی ڕابردوو ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر هەلومەرجەکان گونجاو بن ئامادەن بەشداری لە ئەرکێکی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی بەریتانیا و فەرانسە بکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی هاتووچۆ لەم تەنگەیەدا.

فیدان پێشترش وتبووی کە ئەوانەی وتووێژک دەکەن پێویستە "شێوازی سەلمێنەر" بەکاربهێنن لە قسەکردن لەگەڵ تاراندا. ئەو هەروەها وتی کە تەنگەی هورمز دەبێت بە زووترین کات بکرێتەو و "هیچ کەسێک نایەوێت" ئەم تەنگەیە ببێتە بەشێک لە شەڕ.

لە ئێستادا هێزەکانی ئەمەریکا گەمارۆیەکی سەربازیان لەسەر هەموو هاتوچۆی دەریایی بۆ ناو بەندەرەکان و لە بەندەرەکانی ئێرانەوە جێبەجێ کردووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG