ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانیەوە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران "تێبینی"ی ڕژێمی ئێرانی سەبارەت بە داواکارییەکانی ئەمەریکا پێشکەش کردووە.
بە پێی ئاژانسەکە، عەراقچی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی پاکستانیشدا داواکارییەکانی ئێرانی لە ئەمەریکا هاوبەش کردووە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ڕێژیمی ئێران بەنیازە ئۆفەرێک پێشکەشی ئەمەریکا بکات.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "ئۆفەرێک پێشکەش دەکەن و دەبینین چی ڕوودەدات."
وتی نازانێت پێشنیاری ئێران چی دەبێت، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هەر گرێبەستێک دەبێت دەستبەربەرداربوون لە یۆرانیۆمی پیتێنراو و تێپەڕاندنی ئازادی نەوت لە تەنگەی هورمز لەخۆبگرێت.
کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە نوێنەری ئەمەریکا ستیڤ ویتکۆف و نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئاشتی جێرد کوشنەر، بۆ درێژەدان بە دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دەگەڕێنەوە بۆ پاکستان. عەراقچی لە بەیاننامەکەی ڕۆژی هەینیدا باسی وتووێژی ڕاستەوخۆی لەگەڵ نوێنەرانی واشنتۆنی نەکرد.