Accessibility links

ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتن لەسەر کانزا گرنگەکان واژۆ دەکەن

ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی ڕێککەوتنێکی هاوبەشی کانزا گرنگەکانیان واژۆ کرد و پلانەکانیان بۆ ڕێککەوتنێکی بازرگانی فراوانتر لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لاوازییەکانی زنجیرەی دابینکردن کاراکرد.

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە لە مەراسیمی واژۆکردن لەگەڵ کۆمیساری بازرگانی یەکێتی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند "ئەمە گەشەسەندنی هۆشیاری و پابەندبوون لە سەرانسەری جیهان، بەتایبەتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ئەوروپا و گرنگی زنجیرەکانی دابینکردن و کانزا گرنگەکان بۆ سەرکەوتنی ئابوورییەکانمان و ئاسایشی نیشتمانیمان نیشان دەدات."

ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆر چڕبوونەوەی ئەم سەرچاوانە- ئەو ڕاستییەی کە یەک یان دوو شوێن زاڵن بەسەریاندا، مەترسییەکی قبوڵنەکراوە."

ڕێککەوتنی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا دوایین هەنگاوەکانی واشنتنە بۆ هەمەچەشنکردنی زنجیرەکانی دابینکردنی کانزا گرنگەکان دوور لە باڵادەستی چین. بەپێی ڕاپرسی جیۆلۆجی ئەمەریکا، لە ساڵی 2021 تا 2024 ، 71%ی هاوردەکردنی کانزا دەگمەنەکانی ئەمەریکا لە چینەوە بووە کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی بەرهەمی جیهانی کانەکانی بەرهەمهێناوە.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، بێژینگ تا 90%ی توانای پرۆسێسکردنی کانزا دەگمەنەکانی جیهان کۆنترۆڵ دەکات.

جەیمسۆن گریر، نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا پابەندن بە چارەسەرکردنی ئەو ڕێباز و ڕەفتارە نابازاڕانەی کە زنجیرەکانی دابینکردنی کانزا گرنگەکانیان شێواندووە"، پلانێکی کارکردنی دۆستانەی ئاشکرا کرد کە وەک میکانیزمی سەرەکی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا بۆ هەماهەنگی سیاسەتەکانی بازرگانی لەسەر کانزا گرنگەکان کاردەکات.

بەپێی پلانی کارکردن، هەردوولا بەنیازن لە کۆمەڵێک ئامرازی بازرگانی بکۆڵنەوە، لەوانە قاتەکانی نرخ کە لەسەر سنوورەکان ڕێکخراون، بازاڕەکان لەسەر بنەمای ستانداردەکان، یارمەتییەکانی بۆشایی نرخ و ڕێککەوتنەکانی وەرگرتن، بە ئامانجی پەرەپێدانی دەستپێشخەرییەکی بازرگانی فرەلایەنە کە کراوە بێت بۆ وڵاتانی هاوپەیمان.

مارۆش شێفچۆڤیچ کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ بازرگانی، لە بەیاننامەیەکدا وتی "ئەوە جێگەی دڵخۆشییە کە ببینین هاوکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا لەسەر کانزا گرنگەکان شێوەی کۆنکرێتی وەردەگرن. ئێستا تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە جێبەجێکردنە، بە گۆڕینی خواستە هاوبەشەکان بۆ پڕۆژەی کاریگەر."

هەروەها ڕێککەوتنەکە داوای هاوکاری دەکات لەسەر بەرەوپێشبردنی وەبەرهێنان، ستراتیژییەکانی کۆکردنەوە، توێژینەوە و پەرەپێدانی هاوبەش، و میکانیزمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ننجیرەی دابینکردن - لەنێویاندا لە وڵاتانی سێهەمەوە.

دەستپێشخەرییەکە ئەو بەڵێنانە بنیات دەنێت کە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی کانزا گرنگەکاندا دراون کە لە چواری مانگی دوو لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، کە نوێنەرانی 54 وڵات و کۆمیسیۆنی ئەوروپای کۆکردەوە.

لە مانگی دوودا واشنتۆن یاداشتێکی لێکتێگەیشتنێکی جیاوازی لەگەڵ فلیپین لە هەمان کۆبوونەوەی وەزیری کانزا گرنگەکاندا واژۆ کرد. ئەو ڕێککەوتنە کە لەلایەن وەزیری ژینگەی فلیپین ڕافایل لۆتیلا و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئابووری جێکۆب هێلبێرگ واژۆ کراوە، مەبەست لێی ئەوەیە کە فلیپین لە هەناردەکاری کانزای خاوەوە بگۆڕێت بۆ ناوەندێکی پرۆسێسکردنی ناوخۆیی بۆ پیشەسازییە تەکنەلۆژیا بەرزەکان.

بەپێی کۆمپانیای خزمەتگوزارییە داراییەکانی ڤانتاج FDI، فلیپین بە خاوەنی زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار سامانی کانزای بەکارنەهێنراو مەزەندە دەکرێت، هەرچەندە تەنها 5%ی یەدەگەکانی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە.

بەرپرسانی فلیپین ڕایانگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە پشتگیری لە پەرەپێدانی هێزی کاری ناوخۆیی دەکات، وەبەرهێنان لە پرۆسێسکردنی کانزاکاندا ڕادەکێشێت و پشتبەستنی وڵاتەکە بە یەک کڕیار کەمدەکاتەوە، کە نزیکەی 90%ی هەناردەکردنی نیکلی فلیپین لە ئێستادا دەچێتە چین.

ئەمەریکا تەنها لە کۆبوونەوەی وەزیرانی مانگی دوودا 11 ڕێککەوتنی دوولایەنەی کانزا گرنگەکانی واژۆ کرد.

This item is part of
XS
SM
MD
LG