مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی پێنجشەممە جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا بەدوای ئەوەدا نییە ئێران لە مۆندیال دووربخرێتەوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاش لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێک سەبارەت بە ئەگەری گۆڕینی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیتاڵیا لەبری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە مۆندیاڵ، وتی بیری لە بابەتە نەکردووەتەوە.
سەرۆک ترامپ دواتر داوای لە مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.
ڕوبیۆ وتی "لەلایەن ئەمەریکاوە هیچ نەوتراوە کە نەتوانن بێن، مەبەستم ئەوەیە کێشەی ئێران وەرزشوانەکانیان نییە، بەڵکو هەندێک کەسی دیکەن کە ڕەنگە بیانەوێت لەگەڵ خۆیان بیهێنن، هەندێکیان پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە."
وتیشی "لەوانەیە نەتوانین ڕێگە بەو کەسانە بدەین بێنە ئەمەریکا، بەڵام ڕێگە بە وەرزشوانان دەدەین."
ڕوبیۆ وتی ڕەنگە کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی بڕیار بدات کە تیپی تۆپی پێی ئێران نەیەتە مۆندیال و ئیتاڵیا جێگەکەی بگرێتەوە.
وتیشی بەڵام ئەگەر بڕیار بدەن نەیەن، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە خۆیان ئەو بڕیارەیان داوە. وتی بەڵام ناتوانن کۆمەڵێک کەسی پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران بەناوی ڕۆژنامەنووس یان ڕاهێنەری وەرزشی بهێننە ناو وڵاتەکەمان.
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند ئێمە نامانەوێت هیچ زیانێک بۆ وەرزشوانان بگات.