Accessibility links

کاریگەرییە ئابوورییەکانی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا لە تەنگەی هورمز لەسەر ئێران

گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز کە لە 13ی مانگی چوارەوە دوای بێ ئاکام مانەوەی گفتوگۆکان دەستپێکردووە، گوشارێکی کەم وێنەی بۆ سەر ئابووری ئێران ساز ئەکات.
بە راگرتنی هاتوچۆی دەریایی چ لە بەندەرەکانی ئێران و چ بۆ ناو ئەو بەندەرانە، ئەم گەمارۆیە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە ڕێگەی گواستنەوەی کەنداوی فارسەوە دەپچڕێنێت.
زۆربەی بازرگانی نەوت و کاڵاکانی دیکەی ئێران لەم ڕێگانەوە تێدەپەڕن. ئەم هەنگاوە هەتا ئێستا چالاکییە ئابوورییە دەریاییەکانی ئێرانی بە رێژەی نزیک بە لە سەدا نەوەد دابەزاندووە و بە شێوەیەک لە شێوەکان پەکی خستووە.

لە کورت مەودا کە لێرە مەبەست ماوەی دوو بۆ چوارهەفتەی یەکەمە، بەربەستەکە شۆکێکی دارایی خێرا دروست دەکات. هەناردەی نەوتی ئێران کە بە تێکڕا 1.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێک بووە و ڕۆژانە بە نرخی بەرزی نەوتی کاتی شەڕ، نزیکەی 139 ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ ئێران ساز کردووە، بە نزیکەی تەواوەتی راگیراوە. ئەم ڕاگیرانە لە شوێنە سەرەکییەکان وەک دوورگەی خارگ کە زیاتر لە 90٪ ی نەوتی خاو لەوێەوەو هەناردە دەکرێت، جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها هەناردەی پێترۆکیمیایی بە نرخی ڕۆژانە 54 ملیۆن دۆلار وهەناردەی کاڵاکانی دیکە نزیکەی 79 ملیۆن دۆلار ڕۆژانە لە شوێنە سەرەکییەکانی کەنداو راگیراون.

گەمارۆکە هەروەها نزیکەی 435 ملیۆن دۆلار لە چالاکی ئابووری ڕۆژانە لە بوارەکانی پیشەسازی و خوراک لەناو دەبات کە ئەمە ئەگاتە نزیکەی 13 ملیار دۆلار لە مانگێکدا.
کاریگەرییە کورتخایەنەکانی دیکە ئەگەر بە خێرایی باس بکرێن، بریتین لە: ڕاگرتنی هاوردەی کاڵا پێویستەکان، بەرزبوونەوەی رۆژانەی رێژەی هەڵاوسان، هەڵکشانی نرخی خۆراک کە پێشتر بۆ بەشێک لە کاڵاکان وەک برنج بە حەوت قات بەرز بووەتەوە. ئەمانە لە ئەنجامدا کەمبوونەوەی بەرفراوانی پێداویستییەکان دەهێنیتە ئاراوە.

تمەنی ئێران کە نزیکەی 160 هەزار بەرامبەر بە دۆلارێکی ئەمەریکا مامەڵەی پێ دەکرا، بە شیوەیەکی خێراتر تا دێت ڕوو لە دابەزین دەکات. مەترسی بەرەو هەڵاوسانی لەرادەبەدەر دروست دەکات کە ئەمە بانکەکان ناچار دەکات سنوور بۆ کشانەوەی پارە دابنێن.

بوونی پارەی کاش بەشیوەی بەرچاو کەم ئەبێتەوە و چالاکی بازرگانی لە کەرتی پەیوەست بە بەندەرەکانەوە رادەوەستێت. ئەم کاریگەرییانە کەموکورتییەکانی پێشوو زیاد دەکەن و بە خێرایی پاشەکەوتەکانی دراو لە دەرەوە کەم دەکەنەوە و دەسەڵاتی خێزانەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان لاوازتر دەکات.

کاریگەرییە مامناوەندییەکان کە لە یەک بۆ شەش مانگدا دەردەکەون بریتین لە گواستنەوەی کاریگەریەکانی دابەزینی خێرای داهات بۆ داڕووخانی پێکهاتەیی و زیانی هەمیشەیی.

پێشبینی دەکرێت عەمبارەکانی نەوت کە 50 بۆ 55 ملیۆن بەرمیل نەوت ئەتوانن لە خۆ بگرن و لە کاتی ئێستا دا نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیلییان تێدایە، لە نزیکەی 13 ڕۆژدا پڕ ببنەوە و ئەمەش وادەکات ئیران ناچار بێت کێڵگەکانی نەوتی دابخات کە دواجار دەبێتە هۆی وشکبوونی کێڵگە بەرهەمدارەکانی نەوتی وڵاتەکە.

ئەم داڕووخانە تەکنیکیە لە کۆتاییدا وادەکات بۆ هەمیشە 300 هەزار بۆ 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا توانای بەرهەمهێنانی نەوت کەم ببێتەوە.

ڕێگەکانی دیکە بۆ هەناردەکردن وەک تێرمیناڵی بچووکی جاسک تەنها دەتوانن 70 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و ڕێگەکانی وشکانی لە سنوورەکاندا تەنیا کەمتر لە 10٪ لە داهاتی لەدەستچوو قەرەبوو بکەنەوە.
داڕووخانی بەرفراوانی بەرهەمی ناوخۆیی یەکێکە لە کاردانەوە سەرەکییەکانی ئەم گەمارۆیە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە زنجیرەکانی دابینکردن تێکدەشکێن، ریژەی بێکاری لە کەرتی وزە و گواستنەوە و پیشەسازی زیاد دەکات و کەمبوونەوەی دارایی بەرەو زیاتر بوون دەڕوات و ئەمەش هەمووی داڕووخان و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەدواوە دێت.
توانای حکوومەت بۆ کونتڕۆڵکردنی نرخەکانی سووتەمەنی، خۆراک و کارەبا لاواز دەبێت. ئەمانە هەموو هۆکارن بۆ زیادکردنی نایەکسانییەکان ولە ئاکامیشدا نائارامی و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە.
لەلایەکی ترەوە لە مامناوەنددا، ناجێگیربوونی دراو بەردەوام دەبێت و ئەمە ئەبێتە هۆی دابزینی وەبەرهێنان بیانی یان هاوبەشە بازرگانییەکان.

حەسەن قارەمانی شارەزای ئابووری کە ماستەری ئابووری نێودەوڵەتی هەیە، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "شەڕ و گەمارۆکان هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمی پیشەسازی تێکدەدەن، ئەمەش ڕاستەوخۆ پێکهاتەکانی بەرهەمی ناوخۆیی کە بەستراوەتەوە بە وزە و بەرهەمهێنانەوە کەمدەکاتەوە."

قارەمانی کە خۆی خەڵکی ئێرانە و خەریکی کار لە بواری ئابوورییە لە وڵاتی سوێد، سەبارەت بە کێشەی کەمکردنەوەی بەرهەمی ناۆخۆیی گشتی دەڵێت "بەرزبوونەوەی مەترسی جیۆپۆلەتیکی و دابڕانی دارایی دەبێتە هۆی هەڵاتنی سەرمایە و نەهێشتنی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی و کەمکردنەوەی توانای گەشەی درێژخایەن."
ئەم شۆکە ئابوورییانە بە ڕاستەوخۆیی گوشارە پێکهاتەییەکان لەسەر ڕژێمی ئێران زیاد دەکەن. داهاتی نەوت ماوەیەکی زۆرە بنەمای دارایی کۆماری ئیسلامییە و بەشێکی زۆری ئەم داهاتەش دەڕوات بۆ دابینکردنی تۆڕەکانی پشتیوانانی رژێم، سوبسید و دامەزراوەی ئەمنییەتیەکان. هەرکام لەم سێ بەشەش بە شێوەی جیاواز دڵسۆزیی وپشتیوانی بۆ کۆماری ئیسلامی دەستەبەر دەکەن.

بە پچڕانی داهاتە نەوتییەکان کە بەشێکی سەرەکی لە بودجەی نیشتیمانی بووە، ڕژێم ڕووبەڕووی کەمبوونەوەیەکی توندی دارایی دەبێتەوە کە توانای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لایەنگرانی لاواز دەکات. یارمەتییە حکومەتییەکان کە پێشتر بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایەتی گشتی دانراون، ئێستا ناجێگیرن. لە هەمان کاتدا پاسداران و شوێنە پیوەندیدارەکانی کە چەندین ئیمپراتۆرییەتی ئابوورییان هەیە، دەست بە کێبڕکێ بۆ دەستڕاگەییشتن بە سەرچاوە جیاواەکان دەکەن. ئەمە خۆی دەتوانێت درز لە ناو لایەنگرانی دەسەڵات دروست بکات. خراپتربوونی دۆخی ژیان کە پێشتر لە ناڕەزایەتییەکاندا دەرکەوتبوو، قووڵتر دەبێتەوە، چونکە هەڵکشانی نرخ و کەم وکورتییەکان ئاستی ژیان دادەبەزێنن و گێڕانەوەی ڕژێم لەسەر بەرگریکردن لە دوژمنە دەرەکییەکان لاواز دەکەن.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جۆرە گوشارانە مەترسی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی نوێ دەخەنە ڕوو، چونکە بە داڕمانی ئابووری، توانای ڕژێم بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان کەم دەبێتەوە.

قارەمانی سەبارەت بە کاریگەرییە پێکهاتەییەکانی هەڵاوسان ئەڵێت "لاوازبوونی ڕیال، داهات و بەکاربردنی ڕاستەقینە دەشێوێنێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی خواستی کۆی گشتی- کە ئەمە خۆی هۆکارێکی سەرەکییە لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی."

ئەو لە درێژە دا ئەلێت "بە گشتی ململانێکان گواستنەوەی ئێران بۆ هاوسەنگییەکی دابەزینی گەشەسەندن لەگەڵ دابەزینی بەرهەمی ناوخۆیی خێراتردەکات."

بەردەوامبوونی ئەم گەمارۆیە هەروەها لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی لاواز بوونی دامەزراوەی حکومەت. لاوازی دارایی توانای حکوومەت بۆ پارەدان بە مووچەی هێزە ئەمنییەکان، بۆرۆکراتەکان و میلیشیاکانی سەربەخۆ کەم دەکاتەوە، کە ئەمەش دەتوانێت مۆڕاڵ و کاریگەریی ئەوانە لە کردەوەدا دابەزێنێت.

ئیمپراتۆرییەتی ئابووریی سوپای پاسداران، هەرچەندەش هەوڵی بەرگری بدات، ناتوانێت بە تەواوی قەرەبووی لەدەستچوونی دراو بۆ کڕینی چەکی پێشکەوتوو، سووتەمەنی و لۆجستیک بکاتەوە. سەرکوتکردن کە وەڵامی بنەڕەتی ڕژێمە بۆ ناڕەزایەتییەکان، کاتێک سەرچاوەکان بۆ چاودێری و کۆنتڕۆڵکردنی خەڵک و هەروەها کڕینی پشتیوانی کەم دەبن، دژوارتر و ناجێگیرتر دەبێت.

قەیرانی رەوایی کە خۆی زۆر پیشتر لەم شەڕە دەستی پیکردبوو، زیاتر دەبێت چونکە هاووڵاتیان دژواری ژیان بە ڕاستەوخۆ دەگەڕێننەوە بۆ هەڵوێستی رژێم و سیاسەتە بەرهەڵستکارانەکانی.

بڕیاردانی ناوخۆیی زیاتر دەبێتە هۆی مشتوومڕ و دووبەرەکی لە ناو رژێمدا چوونکە لایەن و باندە جیاوازەکانی ناو دەسەڵات ناچارن بۆ دەستڕاگەییشتن بە سەرچاوە ماڵی و ئابووریەکان زیاتر لەگەڵ یەک پیشبڕکێ بکەن.

لە کۆتاییدا، زیانە کورتخایەن و مامناوەندیەکانی گەمارۆی ئێران لە لایەن ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە تەنیا هەندێ زیان نین کە بە خێرایی بتوانن تێپەڕن.
ئەو زیانانە بنەمای دارایی دەزگای سەرکوت و توانایی رژیم بۆ کڕینی وەفاداری لایەنگرانی دەکاتە ئامانج و گوشارە پێکهاتەییەکان کە لە ئاکامی زیادکردنی نابەرابەری کۆمەڵاییەتی دێنە ئاراوە، زیاد ئەکەن.

بە زیادکردنی فشارێکی دارایی، ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و لاوازیی دامەزراوەیی وادەکەن رژێم لەبەرامبەر کۆمەڵگای جیهانی و لە پێناو بەرنامەی موشەکی و ناوەکیەکەی و پشتیوانی لە هێزە نیابەتیەکانی، کە سێ داخوازی سەرەکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکان، بە چۆکدا بێنێت.

ئارەش ساڵح

This item is part of
XS
SM
MD
LG