Accessibility links

ترامپ دەڵێت ئێران لەسەر داوای ئەو لەسێدارەدانی هەشت خۆپیشاندەری هەڵوەشاندووەتەوە

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئاگادار کراوەتەوە کە هەشت ژنی ئێرانی کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە دەستگیر کراون و سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە، لەسێدارە نادرێن و ناکوژرێن.

سەرۆک ترامپ لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نووسیویەتی "تازە ئاگادارکرامەوە کە ئەو هەشت خۆپیشاندەرەی کە بڕیار بوو ئەمشەو لە ئێران لەسێدارە بدرێن، ناکوژرێن، چوار کەسیان دەستبەجێ ئازاد دەکرێن و چوارەکەی دیکەش سزای یەک مانگ زیندانییان بەسەردا دەسەپێنرێت."

ترامپ سوپاسی ئێران و سەرکردەکانی کرد کە لەسەر داوای ئەو وەک سەرۆکی ئەمەریکا ڕێزیان لێ گرتووە و لەسێدارەدانی بەرنامە بۆ داڕێژراوی 8 خۆپیشاندەریان ڕاگرتووە.

ترامپ دوێنێ سێشەممە داوای لە ئێران کردبوو بە ئازادکردنی هەشت ژن کە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە،چانسی سەرکەوتن لە دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئەمەریکا زیاد بکەن.

ئەم لێدوانەی ترامپ دوای ئەوە هات کە بانگەشەیەک لە سۆشیال میدیا لەلایەن ئیال یاکوبی، چالاکوانی گەنجی لایەنگری ئیسرائیل لە ئەمەریکا لە کەناڵی ئێکس بڵاوکرایەوە کە هەشت ژن لە ئێران مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

لە پۆستەکەدا ناوی ئەو ژنانە نەهاتووە، بەڵام بە پشتبەستن بە بەدواداچوونەکان، ئەو کەسانەی باسکراون بریتین لە بیتا هێمەتی، غەزال قەلەندەری، گۆڵناز نەراقی، پەناه موەحیدی، ئەنسیە نەجاتی، مەحبووبە شەبانی، ڤینۆس حوسێنیژاد، و دیانا تاهرئابادی.

This item is part of
XS
SM
MD
LG