Accessibility links

35 حکومەت بە سەرپەرشتی ئەمەریکا تاوتوێی هەڕەشەکانی سوپای پاسداران و ئیتلاعات دەکەن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت 35 حکومەتی جیاواز لە تەواوی جیهان لە دیدارێکدا تاوتوێی مەترسییەکانی سوپای پاسداران و وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایشی ئێرانیان کرد و جەختیان لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیانە کرد.

وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی وزەی ئەمەریکا سەرپەرشتی پێنجەم کۆڕبەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتییان کرد، کە ڕۆژانی 14-15ی ئەم مانگە لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا ئەنجام درا.

وەزارەتی دەرەوە ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت لە کۆڕبەندەکەدا 35 وڵات بەشدار بوون، بە نوێنەرایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسایا و هەردوو ئەمەریکا.

وەزارەتەکە دەڵێت ئامانجی کۆڕبەندەکە بریتی بوو لە بەئامانجگرتنی چالاکییە "تێکدەر و ناسەقامگیرکەرە بەردەوامەکانی" سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەزارەتی ئیتلاعات و ئاسایشی ئێران و بریکار و هاوبەشەکانیان لە جیهاندا.

بەشداربووان باسیان لە تاکتیکە نوێیەکانی ڕژێمی ئێران و بریکارەکانی کردووە لەم هێرشانەی دوایییان لە سەرانسەری جیهاندا.

وەزارەتی دەرەوەی دەڵێت، "بەشداربووان لەسەر پێویستی وریابوون لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا هاوڕا بوون و ستراتیژییە کردارییەکانیان هاوبەش کرد سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی هەموو شێواز و تاکتیکێکی بەردەست بۆ تێکدان و ڕێگریکردن لە پیلانە تیرۆریستی و نایاساییەکانی ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر، لەوانە بە سنووردارکردنی گەشتی تیرۆریستی، پشکنینی ڤیزە، ئەنجامدانی لێپێچینەوە و سەپاندنی سزا و خستنە لیستی ڕەشەوە."

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا چەندین بڕیاری داوە پەیوەست بە پووچەڵکردنەوەی مۆڵەتی نیشتەجێبوون و ڤیزا بۆ دەستەڵاتدارانی ئێران و کەسوکاریان.

کۆڕبەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی ساڵی 2019 دامەزراوە؛ کاردەکات بۆ باشترکردنی هۆشیاری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی سەبارەت بە چالاکییە تیرۆریستی و تاوانکارییەکانی ڕژێمی ئێران.

This item is part of
XS
SM
MD
LG