ڵینزی گراهام، سیناتۆری باڵای کۆمارییەکان لە دوایین پەیامیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی 24 کاتژمێری ڕابردوو، نووسیویەتی ئەوەی لەم ماوەیەدا فێر بووین، ئەوەیە کە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی ئێران لە دەستی سوپادایە نەک بەرپرسانی دیپلۆماسی و دیپلۆماتکاران.
گراهام بە بەراوردکردنی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە کردنەوەی تەنگەی هورمز و کردەوەی سەربازیی سوپای پاسداران لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، نووسیویەتی ئەوەی بڕیار دەدات، ئەو کەسە نییە کە قات و چاکەتی لەبەردایە، بەڵکو کەسانی چەکدارن کە بڕیاردەری سەرەکین.
هەروەها بە توندی سوپای پاسدارانی بە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەڵمانیای نازی بەراورد کرد و وتی بە بڕوای من پشتگوێخستنی ئەمە دەتوانێت لێکەوتەی مەترسیداری هەبێت.
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە لە درێژەی قسەکانیدا متمانەی بە ڕێبازەکەی دۆناڵد ترامپ دووپاتکردەوە کە ئەمەریکا ئەم کارەی رژێمی ئێران بە بێ وەڵام ناهێڵێتەوە و هەنگاو دەنێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی خێرا، جا چ لە ڕێگەی دیپلۆماسی یان فشارەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا باسی لە ئامانجەکانی واشنتن کردووە؛ لەوانەش کۆنترۆڵی نێودەوڵەتی تەنگەی هورمز، وەرگرتنی تەواوەتی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران، سنووردارکردنی بەرنامەکانی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تاران و کۆتاییهێنان بە پشتیوانی تاران لە گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە.
گراهام جەختی لەوە کردووەتەوە کە چۆنییەتی کۆتایی هاتنی ئەم گرژییانە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت لە سەقامگیری ناوچەکە و جیهان لە دەیەکانی داهاتوودا و بە گوتەی ئەو، ئەمەریکا "دەستی سەرەوە"ی لەم پرۆسەیەدا هەیە.
ڵینزی گراهام پێش ئەم پۆستەش لە پۆستێکی دیکەدا لە سەر ئێکس لە کاردانەوە بە هێرشی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان نووسیویەتی "تەنگەکە کۆنتڕۆڵ بکەن. بەردەوام بن لە گەمارۆدان. دوورگەی خارگ بە ئامانج بگرە."
گراهام دەشڵێت "دوای هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران و ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئێستا کۆنترۆڵی تەنگەکەیان کردووە، زۆر گرنگە کە ئەمەریکا و جیهان وەڵامی ئەم کارانەی ئێران بدەنەوە."
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا هەموو کارتەکان لە دەستی ئەمەریکادان، وتی ئەمەریکا و ئەوانی دیکە دەبێت توانای خۆیان نیشان بدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەکە بەبێ دەستوەردانی ڕژێمی ئێران. سیناتۆر گراهام وتیشی "داوا لە سەرۆک ترامپ دەکەم بەردەوام بێت لەو گەمارۆیەی کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر جێبەجێ کراوە و زۆرترین فشاریش بخاتە سەر ڕژێم."
جەختی لەوە کردەوە "بە تەواوی ڕوونە کە دوای 47 ساڵ، بەڵێنەکانی ڕێژیمی ئێران بێ بەهان. بە هێزەوە بڕۆنە پێشەوە و ئیرادەتان هەبێت."
چەند کاتژمێرێک پێش ئەم پەیامە، ڕۆیتەرز ڕۆژی شەممە بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاسایشی دەریایی و کەشتیوانی ڕاپۆرتی دا کە ڕۆژی شەممە لانیکەم دوو کەشتی بازرگانی لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کراونەتە ئامانج.