Accessibility links

ترامپ: ئەگەر تا ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ ئێران نەگەینە ڕێککەوتن، ڕەنگە ئاگربەست درێژ نەکەینەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەگەر تا ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەکرێت، ڕەنگە ئاگربەستی ئێستا درێژ نەکەینەوە.

دۆناڵد ترامپ ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە نێو فڕۆکەی ئەیرفۆرس وان بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند "ڕەنگە درێژی نەکەمەوە، بەڵام گەمارۆکە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆیە گەمارۆکە لە شوێنی خۆیدایە و بەداخەوە دەبێت دووبارە دەست بە بۆردومان بکەینەوە."

ڕۆژی چوارشەممە ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا لەگەڵ ئێران کۆتایی دێت کە بە هەوڵەکانی پاکستان بەدەست هات.

ترامپ هەروەها ڕایگەیاند "هەواڵێکی زۆر خۆش"م لەبارەی ئێرانەوە پێگەیشتووە، بەڵام وردەکارییەکانی نەخستووەتەڕوو.

سەرۆک ترامپ وتی "20 خولەک لەمەوبەر هەواڵێکی زۆر خۆشمان بۆ هات؛ پێدەچێت شتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئێران زۆر باش بەڕێوەبچن، بەم زووانە بۆمان دەردەکەوێت، پێشبینی دەکەم شتەکان بە باشی بەڕێوەبچن، زۆرێک لەمانە دانوستان و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە".

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە هەواڵەکە چییە، ترامپ وەڵامی دایەوە "لەبارەیەوە دەیبیستن."

ئاماژەی بەوەشکرد "تەنها پێموایە ئەوە شتێکە کە دەبێت ڕووبدات. شتێکە کە تەواو مانای هەیە و پێموایە ڕوودەدات. دەبینین چی ڕوودەدات، بەڵام پێموایە ئەوە ڕوودەدات."

This item is part of
XS
SM
MD
LG