دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی هەینی 17ی مانگی چوار لە چالاکییەکی ڕێکخراوی ترنینگ پۆینت ئەکشن (Turning Point Action) لە ویلایەتی ئەریزۆنا بە جەماوەرێکی گەنجی لایەنگرانی ڕاگەیاند ئەمەریکا بە هەر ڕێگەیەک پێویست بکات، خۆڵەمێشی ئەتۆمییەکان لە ئێران بەدەست دەهێنێت.
سەرۆک ترامپ باسی لەوە کرد ئەمەریکا بە کەرەستەی خۆی دەچێتە ئێران و لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی خۆڵەمێش و گەردیلە ئەتۆمییەکان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو بۆردومانکراون.
سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت و ئەمەریکا ئەو خۆڵەمیشە بە هەر شێوەیەک بێت کۆدەکاتەوە و دەیانگوازێتەوە بۆ ئەمەریکا.
وتیشی "هەندێک کەس دەپرسن چۆن ئەم خۆڵەمێشە ئەتۆمییە کۆدەکەینەوە؟ بە چوونە ناو ئێران و بە بەکارهێنانی شوفڵی هەڵکۆڵین."
سەرۆک ترامپ ڕوونیکردەوە کە فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی بی 2 لە ئۆپەراسیۆنی چەکۆشی نیوەشەودا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناوبردووە بەجۆرێک کە "پێویستمان بە گەورەترین شوفڵی هەڵکەندن هەیە. بەڵام لەگەڵ ئێران دەچینە ژوورەوە، کۆی دەکەینەوە و زۆر بە زوویی دەیگەیەنینە ئەمەریکا."
ترامپ وتی "رێگای دیکەی کۆکردنەوەی خۆڵەمێشە ئەتۆمییەکان کەمێک مەترسیدارترە."
سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا وتی "کۆماری ئیسلامی رایگەیاندووە تەنگەی هورمز کراوەیە بۆ بازرگانی."
وتیشی "گەمارۆی دەریایی - لەگەڵ گەورەترین هێزی دەریایی لە جیهاندا، لەلایەن بەهێزترین سەربازییەوە کە جیهان بینیبێتی - بە تەواوی هێزی خۆیەوە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە."
سەرۆک ترامپ لە وتارەکەیدا وتی "ئەو گەمارۆیە بە تەواوی هێزی خۆیەوە دەمێنێتەوە تا ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئێران بە تەواوی کۆتایی پێدێت و واژۆ دەکرێت."
سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە هێشتا دۆخی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران یەکلایی نەبووەتەوە. "شتەکان بە باشی دەڕۆن، بەڵام کێ دەزانێت؟ ئەمە بۆ هەموو کەسێک پێدەچێت ڕاست بێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئێران. بەڵام دەبێت زۆر بە خێرایی هەنگاو بنێت، چونکە زۆربەی شتەکان ڕێککەوتنی لەسەر کراوە."
ترامپ وتی "هیچ پارەیەک لەگەڵ ئێران بە هیچ شێوەیەک ئاڵوگۆڕ ناکرێت."
سەرۆک ترامپ وتی کۆماری ئیسلامی "هەموو مینە دەریاییەکانی خۆی بە هاوکاری ئەمەریکا کۆکردووەتەوە یان کۆی دەکاتەوە."
سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە دابەزینی نرخی نەوت، وتی "ئەگەر بەدوای ئەوەدا دەگەڕێیت کێشە دروست بکەیت، بۆمبێکی ئەتۆمی بدە بە کۆماری ئیسلامی و ئەوان لە ڕۆژی یەکەمدا بەکاری دەهێنن." و وتی "دەبوو ئەو ئاگرە لە ئێران بکوژێنینەوە."
ترامپ سوپاسی سعوودیە و پاکستانی کرد و وتی کۆماری ئیسلامی چەوسێنەری ناوچەکە بووە و چیتر نییە.
سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ نێوندگیری ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان، وتی "لە ماوەی 78 ساڵی ڕابردوودا ئەوە ڕووی نەداوە. مامەڵەی ئێمە لەگەڵ ئێران هیچ پەیوەندییەکی بە لوبنانەوە نییە، بەڵام ئێمە لوبنان دەخەینەوە ئەو شوێنەی کە پیشتر بووە."
ئاماژەی بەوەشدا هێشتا زووە بۆ وتن، بەڵام به کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران و لوبنان، کۆتاییم به 10 جەنگ هێناوە.
وتیشی "جیهان تاڕادەیەک لەبیری کردوون، ئەوانیش مرۆڤی باشن و ماوەیەکی زۆرە لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا ژیان بەسەر دەبەن، هیوادارم بەم زووانە دۆخیان لەگەڵ حزبوڵا چارەسەر ببێت."
سەرۆک ترامپ هەروەها ڕەخنەی لە ناتۆ گرت و وتی "ئێستا کە کێشەی تەنگەی هورمز نزیک بووەتەوە لە کۆتایی هاتنی، پەیوەندییەکم لە ناتۆوە پێگەیشت کە ئایا ئێمە هیچ یارمەتییەکمان دەوێت. من گوتم 'زۆر سوپاس،' بەڵام پێم باشتر بوو ئەگەر دوو مانگ لەمەوبەر هاوکاریتان بکردایە؛ ئێمە ئێستا پێویستمان پێیان نییە. ئەوان بە کردەوە بێسوود بوون کاتێک پێویستمان پێیان بوو. بێگومان ئێمە هەرگیز پێویستمان پێیان نەبووە- ئەوان پێویستیان بە ئێمەیە، ئەوان زۆر پێویستیان بە ئێمەیە."
ترامپ وتی ئەوەی ناتۆ فێری کردین ئەوەیە کە دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین. سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی بە کوباییە ئەمەریکاییەکان کرد و وتی دواڕۆژێکی نوێش بۆ کوبا سەرهەڵدەدات و ئاماژەی بە خراپی دۆخی مافی مرۆڤی خەڵکی کوبا کرد.
ترامپ: بە شۆفڵی گەورەوە دەچینە ئێران و گەردیلە ئەتۆمییەکان کۆدەکەینەوە و دەیانگوازینەوە بۆ ئەمەریکا