Accessibility links

ترامپ: ئێران واز لە پشتیوانیکردن لە حەماس و حزبوڵا دەهێنێت؛ گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ ئەمەریکا بە هاوکاری لەگەڵ تاران

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی دەچینە ناو ئێرانەوە و "خۆڵەمێشی ناوکی" [یۆرانیۆمی پیتێنراو] کۆدەکەینەوە و پاشان هەموو ئەو ماددەیە بۆ ئەمەریکا دەگوازینەوە.

دۆناڵد ترامپ وتی کۆماری ئیسلامی ڕازی بووە بە ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ ماوەیەکی نادیار و لە بەرامبەر ئەم ڕاگرتنەشدا بڕیار نییە هیچ بڕە پارەیەک لە پارەی بەستووی ئێران ئازاد بکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی 17ی مانگی چوار لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند ئێران هاوکاری لەگەڵ ئەمەریکا دەکات بۆ دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو و گواستنەوەی بۆ ئەمەریکا.

دۆناڵد ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا بە "هاوکاری" ئێران و "بە هێمنی" دەچێتە ناو ئێرانەوە بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو و گواستنەوەی بۆ ئەمەریکا.

ئاماژەی بەوەشکرد "بە ئارامی و متمانە بەخۆبوون لەگەڵ ئێران دەچینە ژوورەوە و بە ئامێری گەورە دەست بە هەڵکۆڵینی شوێنەکە دەکەین و دەچینە قوڵایی ئەو شوێنە و دەیهێنین بۆ ئەمەریکا".

سەرۆک ترامپ هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پارەیەک لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئەگەری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆڕ ناکرێت.

ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا بە بلومبێرگی ڕاگەیاند کۆماری ئیسلامی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ ماوەیەکی نادیار.

دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بلومبێرگ، وێڕای ڕەتکردنەوەی هەندێک ڕاپۆرت سەبارەت بە پێشنیاری ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی پیتاندن لە ئێران بۆ ماوەی 20 ساڵ لە بەرامبەر ئازادکردنی 20 میلیارد دۆلار لە پارەی بەستووی ئێران بە کۆماری ئیسلامی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا لە بەرامبەر ڕاگرتنی پیتاندنی ئێراندا هیچ کام لە سەروەت و سامانی بەستووی ئێران بۆ کۆماری ئیسلامی ئازاد ناکات.

سەرۆک ترامپ هەروەها ڕێککەوتنی کۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە "نزیکەی تەواو" ناودێر کرد و ئەگەری درێژەدان بە دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی ئێرانی تا کۆتایی ئەم هەفتەیە و تەنانەت ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنی ڕاگەیاند، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە هێشتا بڕیاری نەداوە کێ بۆ ڕابەرایەتیکردنی ئەو دانوستانانە دەستنیشان بکات.

ترامپ هەروەها ڕۆژی هەینی بە کەناڵی سی بی ئێسی ڕاگەیاند کۆماری ئیسلامی بەهەمان شێوە پابەند بووە بە کۆتایی هێنان بە پشتیوانییەکانی لە گرووپە بە وەکالەتەکانی وەک حیزبوڵا و حەماس.

سەرۆک ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆسەی دەرهێنانی ماددە ئەتۆمییەکان پێویستی بە جێگیرکردنی سوپای ئەمەریکا و هێزی وشکانی نابێت، بەڵکو لە لایەن ئەمەریکاوە ئەنجام دەدرێت.

پێش هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە 400 کیلۆگرامی یۆرانیۆمی لەسەدا 60ی پیتێنراو هەیە کە بە بڕوای شارەزایان ئەم ئاستە لە دەوڵەمەندکردن بۆ بەکارهێنانی سەربازی دەبێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG