Accessibility links

ترامپ: ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئاماژەدان بەوەی دڵنیا نییە کە ئایا درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران پێویستە یان نا، وتی تاران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی.

ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت "ئەوان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی خۆڵەمیشی ئەتۆمییەکان مان پێ بدەن."

هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی کرد ئەگەر ئێران لەگەڵ ئەمەریکا نەگەنە ڕێککەوتن، جارێکی دیکە شەڕ دەستپێدەکاتەوە. ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران کە لە 8ی مانگی چوار دەستیپێکردووە، شەش ڕۆژی دیکە کۆتایی دێت.

ترامپ دووپاتی کردەوە کە ئێران ڕێککەوتنێکی دەوێت و وتی ئەوان ئێستا دەیانەوێت ئەو کارانە بکەن کە دوو مانگ لەمەوبەر نەیاندەویست بیکەن."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها وتی، "ئێمە زۆر نزیکین لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند گەمارۆی سەر ئاوەکانی ئێران "زۆر بە باشی" بەڕێوە دەچێت و بە شێوەیەکی "باوەڕپێنەکراو" کاریگەری هەبووە لەسەر ئابووری ئێران. گوتی ئێران لە ژێر کاریگەری فشارە سەربازی و ئابووریەکانی ئەمەریکاوە ئێستا دەیەوێت لەگەڵ ئەمەریکا بگاتە ڕێککەوتن.

ترامپ گوتی، "ئەوان ئێستا ئامادەن شتێک بکەن کە 2 مانگ لەمەوبەر ئامادە نەبوون بیکەن."

ترامپ هەروەها بە ڕۆژنامەوانانی گوت، "ئێمە لە ئێستادا پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ئێران هەیە، ئەمەش باوەڕپێکردنی سەختە."

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی مەرجی سەرەکی ئەمەریکا بریتییە لەوەی ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. چەند جارێک ئەوەی دووپات کردەوە کە ئێران بەم مەرجەی ئەمەریکا ڕازی بووە.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند ئەگەری هەیە گەڕی دووەمی دانوستانە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێران ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە لە پاکستان بەڕێوە بچن، لە ڕووەوە ڕۆڵی حکومەتی پاکستانی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند خۆشحاڵ دەبێت سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

ترامپ ڕایگەیاند، "ئەگەر ڕێککەوتنێک واژۆ بکرێت، دەکرێت بڕۆم بۆ ئەوێ."

سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر نزیکبوونەوەی بۆچوونەکان، بەڵام هۆشداری دا لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، "شەڕ سەرهەڵدەداتەوە."

ترامپ گوتی، "ئێمە زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک...ئێران هێزی دەریایی، بەرگری و سەرکردەکانیان لە دەست داوە. هیچ شتێکیان نەماوە، ئێستا کۆمەڵە سەرکردەیەکی نوێیان هەیە کە ئێمە زۆر بە ژیرانەیان دەبینین."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها دەڵێت، "پێموایە لە ئێستادا دانوستانێکی زۆر سەرکەوتوومان هەیە و ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت، زۆر بە زوویی ڕادەگەیەنرێت، ئەمەش نەوتی ئازاد و گەرووی هورمزی ئازادمان دەداتێ و هەموو شتێک باش دەبێت."

سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە نێوەندگیری ئەمەریکا، سەرۆک ترامپ هەوڵەکەی بە مێژوویی دانا و ڕایگەیاند ئەگەری ڕێککەوتنی نێوانیان "زۆر دڵخۆشکەرە" و ڕەنگە ببێتە دەیەم شەڕ کە لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا وەستاندبێتی.

ترامپ ئاماژەی دا بەوەی لە دوو هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی لوبنان کۆدەبێتەوە.

ترامپ گوتی، ئیسرائیل و لوبنان "ئاگربەستێکیان دەبێت، حزبوڵا بەشێک دەبێت لە ئاگربەستەکە."

This item is part of
XS
SM
MD
LG