Accessibility links

سێنتکۆم: لە 24 کاتژمێری یەکەمی گەمارۆی دەریایی ئێران، تەنانەت یەک کەشتیش بەو شوێنەدا تێنەپەڕیوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم، ڕۆژی سێشەممە 14ی مانگی چوار لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەرکرد، یەک کەشتی نە چووەتە ناو ناوچەی قەدەغەکراو و نە چووەتە دەرەوەش.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە لەم ماوەیەدا شەش کەشتیش فەرمانی هێزەکانی ئەمەریکایان جێبەجێ کردووە و ڕێڕەوی خۆیان گۆڕیوە و گەڕاونەتەوە بۆ بەندەرێکی ئێرانی لە دەریای عومان.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووەتەوە ئەم گەمارۆیە بێلایەنانە جێبەجێ دەکرێت بەرامبەر بە کەشتیەکانی هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەنیازن بچنە ناو بەندەر و ناوچە کەنارییەکانی ئێران لە کەنداوی فارس یان دەریای عومان.

بەگوێرەی ئاماری سێنتکۆم لە ئێستادا زیاتر لە 10 هەزار دەریاوان و هێزی دەریایی و کارمەندی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لەگەڵ زیاتر لە دەیان کەشتی جەنگی و دەیان فڕۆکە سەرقاڵی گەمارۆی دەریایی ئێرانن و چاودێری ئەو کەشتییانە دەکەن کە بەنیازن بەندەرەکانی ئێران بەجێبهێڵن یان بچنە ناو بەندەرەکانی ئێرانەوە.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەداوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لەم ئەرکەدا پشتگیری لە ئازادی گەشتکردن بۆ ئەو کەشتیانەش دەکەن کە هەوڵی تێپەڕین لە تەنگەی هورمزەوە دەدەن.

گەمارۆی دەریایی کۆماری ئیسلامی لە کاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی دووشەممە 13ی مانگی چوار بە فەرمانی سەرۆک ترامپ دەستی پێکرد. بە پێی ئەم فەرمانە هیچ کەشتییەک مافی چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە بەندەرەکانی ئێرانی نییە.

ئەم فەرمانە دوابەدوای سەرپێچی کۆماری ئیسلامی لە داواکاری ئەمەریکا بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز دەرچوو.

ڕۆژی دووشەممە، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث ڕایگەیاند کە هەر کەشتییەکی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی گەمارۆدانی ئەمەریکا نزیک بێتەوە دەستبەجێ لەناو دەچێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG