Accessibility links

مایک واڵتز: کۆماری ئیسلامی کەرەستەی سەربازی لە نەخۆشخانە و قوتابخانەکاندا دەشارێتەوە

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای سەرکۆنەکردنی هەنگاوی کۆماری ئیسلامی بۆ داخستنی تەنگەی هورمز و هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە، ڕایگەیاند ڕێژیمی ئێران47 ساڵە ترس و تیرۆری بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا سەپاندووە.

مایک واڵتز، نوێنەری ئەمەریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانەی وتارێکیدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوەیە ڕۆژی سێشەممە 7ی مانگی چوار دوای ئەوەی مۆسکۆ و پەکین بڕیارنامەیەکی پێشنیارکراوی بەحرەین-یان سەبارەت بە تەنگەی هورمز ڤیتۆ کرد، کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر جیهان و ناوچەکە و خەڵکی ئێران ناوبرد.

واڵتز بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتێکی پێشووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی کەرەستە سەربازییەکانی خۆی لە نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و شوێنی نیشتەجێبوون دەشارێتەوە بۆ ئەوەی بە خراپترین و چەوتترین شێوە بتوانێت ڕێکڵامی پێوە بکات.

وتیشی ڕژیمی دیکتاتۆری ئێران47 ساڵ لەمەوبەر دەیان ئەمەریکایی بە بارمتە گرت و ئێستاش بە دانانی مین لە تەنگەی هورمز و بە ئەنقەست تەقەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان، ئابووری جیهانیشی بە بارمتە گرتووە.

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی "بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف، ڕێژیمی ئێران تەنگەی هورموزی گرتووە و ئابووری جیهانی خستۆتە مەترسییەوە، لە هەمان کاتدا ئینتەرنێتی لە ناوخۆی وڵاتدا بڕیوە و منداڵان و نەوجەوانانی وەک سەرباز بەکارهێناوە."

واڵتز وێڕای ڕەخنەی لە ڕووسیا و چین بە هۆی ڤیتۆ کردنی بڕیارنامەی بەحرەین، وتی "ڕووسیا و چین لە جیاتی پشتیوانی لە جیهانی ئازاد و وەبەرهێنان لە وڵاتانی کەنداو، پێیان باش بووە پشتیوانی ڕژیمی ئێران بکەن و بەردەوام بن لە ناردنی تەکنەلۆجیای چەک بۆ کۆماری ئیسلامی، بۆیە ئەم دوو وڵاتە بەرپرسیار دەبن لە قەیرانی خۆراکی داهاتوو کە بەهۆی کردەوە تێکدەرەکانی تارانەوە دروست دەبێت."

مایک واڵتز لە درێژەدا کۆماری ئیسلامی وەک "سپۆنسەری پێشەنگی جیهان بۆ تیرۆر" ناو برد و ئاماژەی بەوەدا "رێژیمی ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵە ترس و تیرۆری بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا سەپاندووە، هەزاران کەسی خۆی کوشتووە و ئێستاش ڕۆژانە خەڵک لەسێدارە دەدات. هەمان ڕێژیم لە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمەریکا بوو، بەڵام شکستی هێنا".

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا هەمیشە بە دوای دیپلۆماسی دایە و تەنانەت لە کاتی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەییدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێران بیری لە وتووێژ کردووەتەوە، بەڵام وەڵامی تاران بۆ ئەم داواکاریانە، دروستکردنی گرژی و بەفیڕۆدانی کات بووە.

بڕیارنامەکەی بەحرەین بە 11 دەنگی بەڵێ و 2 دەنگی نەخێر و 2 دەنگی بێلایەن ڕەتکرایەوە.

ڕووسیا و چین ڤیتۆیان لەسەر بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز داڕێژرابوو؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە دەقی ئەم بڕیارنامەیە چەندین جار هەموارکرابووەوە بۆ ئەوەی ئەم دوو وڵاتە لانیکەم دەنگی بێ لایەن بدەن.

هەروەها پاکستان و کۆڵۆمبیا دەنگی بێ لایەنیان بە بڕیارنامەکە دا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG