جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا "ئامرازەگەلێکی لەبەردەستدایە کە تا ئێستا بڕیاری نەداوە دژی ئێران بەکاری بهێنێت."
جەی دی ڤانس کە لە هەنگاریایە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئەمەریکا تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجە سەربازییەکانی بەدەستهێناوە" و ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئیستاوە تا وادەی دیاریکراوی ئەمەریکا، دانوستانێکی چڕ لە نێوان واشنتن و تاران بەڕێوەدەچێت.
وتیشی "پێویستە بزانن کە کەرەستەمان لەبەردەستدایە کە تا ئێستا بڕیارمان نەداوە بەکاربهێنین، سەرۆکی ئەمەریکا دەتوانێت بڕیاری بەکارهێنانی ئەوانە بدات، ئەگەر ئێرانییەکانیش ڕێڕەوی خۆیان نەگۆڕن، ئەوا دەیکات."
ڤانس وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەمەریکا دەتوانێت وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران بکاتە ئامانج، تەنانەت ڕایگەیاندووە، "دەکرێت لە شەوێکدا تەواوی وڵاتەکە لەناوبچێت."
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە هەڕەشەکەی زیاتر کرد و سەبارەت بە ئێران وتی "ئەمشەو تەواوی شارستانیەتێک لەناو دەچێت و هەرگیز ئاوەدان ناکرێتەوە."