Accessibility links

سەرۆک ترامپ: حەز دەکەم نەوتی ئێران بۆ خۆمان ببەین بەڵام هاووڵاتیانمان دەیانەوێت بگەڕێینەوە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند خواستی هەیە ئەمەریکا دەست بەسەر نەوتی ئێراندا بگرێت، بەڵام "بەداخەوە" هاوڵاتیانی ئەمەریکا دەیانەوێت سەربازانی ئەمەریکایی بگەڕێنەوە وڵات.

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی، لەکاتی بەڕێوەچوونی بۆنەیەک بۆ جەژنی هەستانەوە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئەگەر هەڵبژاردەکە بە دڵی من بێت، ئارەزوو دەکەم نەوتەکە ببەم، چونکە نەوتەکە بۆ ئەوە لەوێیە ببردێت و [ڕژێمی ئێران] ناتوانێت هیچ شتێکی لەبارەوە بکات." بەڵام "بەداخەوە خەڵکی ئەمەریکا خواستیان ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ وڵات."

ترامپ جەختی کردەوە، "ئەگەر بە خواستی من بێت، نەوتەکە دەبەین، نەوتەکە دەبەم و پارەیەکی زۆر پەیدا دەکەم، وە هەروەها زۆر باشتر لە [ڕژێمی ئێران] خزمەتی خەڵکی ئێرانی پێدەکەم."

سەرۆک ترامپ گوتی ڕژێم لە خۆپیشاندانەکانی مانگی یەکدا نزیکەی 45 هەزار هاوڵاتی خۆی کوشتووە، بەڵام ئێستا "لەوپەڕی لاوازیدایە." ڕایگەیاند ڕژێم تەنها هەتاوەکو رۆژی سێشەممە مۆڵەتی هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵوێستی بە کردنەوەی گەرووی هورمز و ملدان بۆ ڕێککەوتن.

لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی مەرجەکانی ئەمەریکا، سەرۆک ترامپ هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی وزە و هاتوچۆی ئێران و ڕوودانی"زۆر شتی خراپتر" دەکات.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند لە ڕابردوودا حکومەتی ئەمەریکا چەکی ناردووە بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندەرانی ئێران و ناڕەزایی خۆی دەربڕی "لەو کەسانەی" کە دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرتووە.

سەرۆک ناوی ئەو لایەن و کەسانەی نەهێنا، بەڵام ئاژانسی هەواڵی فۆکس نیوز پێشتر ڕایگەیاند ترامپ لایەنی کوردی تۆمەتبار دەکات بە بردنی ئەو چەکانەی کە دەبوایە بگەن بە دەستی خۆپیشاندەران.

ترامپ جەختی کردەوە لەسەر خواستی ئێرانییەکان بۆ بەردەوامی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕژێم و گوتی، "خەڵکی ئێران کاتێک گوێبیستی دەنگی بۆمبەکان نابن، بێتاقەت دەبن چونکە دەیانەوێت ئازاد ببن، وە تاکە هۆکاری ئەوەی لەسەر شەقامەکان نین خۆپیشاندان بکەن لەبەر ئەوەیە ئەگەر خۆپیشاندان بکەن ڕاستەوخۆ تەقەیان لێدەکرێت."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەمەریکا چەکی بۆ ئەو خۆپیشاندەرانە ناردووە بەڵام گروپێک بۆ خۆی بردوویەتی.

ترامپ ئاماژەی دا، "چەکمان نارد بۆ خۆپیشاندەران، بەڵام ئەو گرووپەی دەبوایە بیدات بەو خەڵکە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن. دەزانن چی ڕوویدا؟ ئەو گرووپە بۆ خۆیان بردیان چونکە گوتیان، 'ئەمانە چەندە چەکی جوانن! لای خۆمان دەیانهێڵینەوە.'"

گوتیشی، "من زۆر بێزارم لە هەندێک ئەو کەسانە و باجێکی گەورە دەدەن."

This item is part of
XS
SM
MD
LG