Accessibility links

لە تەنگەی هورمز کەشتی تورکیا تێدەپەڕێت و کەشتیەکانی قەتەر و هیندستان ڕێگیرییان لێدەکرێت

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە پشێوی دۆخی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا دەکەن، لە کاتێکدا تورکیا ڕایگەیاندووە یەکێک لە کەشتییەکانی بە تەنگەکەدا تێپەڕیوە، بەرپرسێکی هیندستان ڕایگەیاندووە ئەو کەشتیانەی ئاڵای هیندستانیان لەسەرە گیریان خواردووە.

بەرپرسێکی حکومەتی هیندستان ڕۆژی دووشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند 16 کەشتی کە ئاڵای وڵاتەکەیان لەسەرە لە تەنگەی هورمز گیریان خواردووە و هیندستان هەوڵ دەدات دڵنیابێت لە تێپەڕبوونیان بە سەلامەتی.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە ئاگاداری هیچ پارەیەک نین کە دەوترێت ئێران بۆ دەرکردنی مۆڵەت بۆ تێپەڕینی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمز وەریدەگرێت.

لە هەمان کاتدا وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ڕایگەیاند ئێوارەی ڕابردوو کەشتییەکی سەر بەو وڵاتە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا، عەبدولقادر ئوراڵ ئۆغڵو ڕایگەیاندووە لە سەرەتای شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیەوە، سێ کەشتیی تورکیا کە لە کەنداوی فارسدا بوون و چاوەڕێی تێپەڕین بوون بە تەنگەی هورمزدا، توانیویانە کەنداو بەجێبهێڵن.

ئاماژەی بەوەشکردووە 12 کەشتی سەر بە تورکیا لە دەوروبەری تەنگەی هورمزدان، هاوکات ژمارەی ئەو کەشتیانەی داوای ڕۆیشتن دەکەن گەیشتووەتە هەشت دانە.

هەروەها داتاکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان ڕۆژی دووشەممە دەریخست کە دوو کەشتی هەڵگری گازی سروشتی قەتەر دوای ئەوەی بەرەو تەنگەی هورمز ڕۆیشتن، گەڕاونەتەوە شوێنەکانی پێشوویان.

ئەگەر ئەو کەشتیانە بە سەرکەوتوویی بەو تەنگەیەدا تێپەڕین، ئەوە یەکەمین ترانزێتی بارەکانی گازی سروشتی شل دەبێت لە ڕێگەی ئەو ڕێڕەوی ئاوییەوە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی.

This item is part of
XS
SM
MD
LG