دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند پارێزبەندییەکی سنوورداری داوە بە کۆمەڵێک لایەن لە ئێران بۆ ئەوەی ڕێگە بدەن دانوستان و ڕێککەوتن بکەن، بەڵام ئەگەر تا کۆتایی کاتی دیاریکراو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەگەنە ڕێککەوتن ، ئەوا بژاردەی لەناوبردنی بەرفراوانی ژێرخانی ئێران و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی ئێران جێبەجێ دەکات.
سەرۆک ترامپ ڕۆژی یەکشەممە 5ی مانگی چوار سەبارەت بە کاردانەوەی خۆی لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان بە کەناڵی فۆکس نیوز وت "ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکەن و بە خێرایی ئەو کارە نەکەن، بیر لەوە دەکەمەوە هەموو شتێک لەناوبەرم و دەست بەسەر نەوتی ئێراندا بگرم" و هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پرد و وێستگەکانی کارەباش دەکرێنە ئامانج.
سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی ئێرانیش، سەرۆکی ئەمەریکا وەڵامی دایەوە کە ئەوانەی دانوستان دەکەن پارێزبەندییان سنووردارە بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بەردەوام بن.
فۆکس نیوز لە زاری سەرۆکی ئەمەریکاوە بڵاوی کردووەتەوە کە دەکرێت تا ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا بکرێت.