Accessibility links

ویتکۆف پلانی 15 خاڵی ئەمەریکا بۆ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ پشتڕاست دەکاتەوە

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی کابینەی ئەمەریکا سەبارەت بە وتووێژەکانی ئەم دواییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاشتی جەختی لەوە کردەوە کە وردەکارییەکانی پێشنیاری 15 خاڵیی ئەمەریکا بۆ کۆماری ئیسلامی وەک خۆی بە نهێنی ماوەتەوە.

ویتکۆف وتی لە کاتی دانوستانەکاندا وەڵامی ئێران ئەوە بوو کە ئەوان پیتاندنی یۆرانیۆم بە مافی ڕەوای خۆیانی دەزانن، دواتر گوتیان 460 کیلۆگرام مادەی پیتێنراوی لەسەدا 60یان هەیە کە بەسە بۆ دروستکردنی 11 بۆمبی ئەتۆمی.

هەروەها ڕوونیشیکردەوە کە تیمی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەکاتی دانوستانەکاندا ئامادەبوون و هەوڵی ئاشتیانەی خۆیان بە تەواوی بەجێ گەیاندووە وتیشی بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا داواکارییەکانمان لە لایەن ئێرانییەکانەوە چەندین جار ڕەتکرانەوە.

سەبارەت بە پێشنیاری ئاشتی 15 خاڵی، ویتکوف وتی "دەتوانم ڕاپۆرتتان بۆ بدەم کە ئێمە لەگەڵ تیمی سیاسەتی دەرەوە، لیستی 15 خاڵی-مان خستۆتە ڕوو کە چوارچێوەیەک بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی پێکدەهێنن، ئەم لیستە لە ڕێگەی حکومەتی پاکستانەوە گەیەندراوە کە وەک ناوبژیوانێک کاردەکات و بووەتە هۆی ئەوەی پەیامی ئەرێنی لە دانوستانەکاندا دەربکەوێت، وەک ئەوەی لەم دواییانەدا بە میدیاکانتان ڕاگەیاند."

ئەمە یەکەمجارە کە بەڕێوبەرایەتی ترامپ بە فەرمی پشتڕاستی دەکاتەوە کە پلانێکی لەو شێوەیەی پێشکەش بە ئێران کردووە.

ویتکوف لە میانی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لە کۆشکی سپی قسەی کرد و وتی ئەم دانوستانە سەرەتاییانە دەتوانن سەرکەوتوو بن ئەگەر ئێرانییەکان بزانن کە هیچ بژاردەیەکی باشیان لەبەردەستدا نییە. ئاماژەی بەوەشکرد ڕەنگە تارانیش بگاتە هەمان ئەنجام.

XS
SM
MD
LG