Accessibility links

سەرۆک ترامپ: پێویستمان بە یارمەتی ناتۆ نییە، بەڵام لەبیرمان ناچێت

دۆناڵد ترامپ دەڵێت وڵاتانی ئەندامی ناتۆ "هیچیان بە هیچ شێوەیەک" نەکردووە بۆ یارمەتیدان لە شەڕی دژ بە ڕژێمی ئێران.

سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی تروث ڕۆژی پێنجشەممە نووسیویەتی "ئەمەریکا پێویستی بە هیچ شتێک لە ناتۆوە نییە، بەڵام ئەم ساتەوەختە زۆر گرنگە هەرگیز لەبیرناکرێت!"

ڕۆژی دووشەممە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپایی ڕایانگەیاند بەشداری هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز ناکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕاشکاوی داوای لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کردبوو بچنە پاڵ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی تەنگەی هورمز و کردنەوەی ئەم ڕێڕەو ئاوییە گرنگە.

بەڵام 22 وڵات لەوان بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کۆریای باشوور، ئوسترالیا، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرەین، "داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند کە بەشداری لە دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە ڕێرەوەی هورمزدا دەکەن.

هەروەها میدیاکانی بەریتانیا نووسیویانە کە لەندەن و پاریس لەم هەفتەیەدا بە هاوبەشی سەرۆکایەتی دانوستانەکان لەگەڵ نزیکەی 30 وڵات دەکەن کە ئامانج لێی دروستکردنی ئەرکێکی هاوپەیمانییە بۆ "کردنەوەی" تەنگەی ستراتیژیی هورمز.

تەنگەی هورمز، یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا، کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی هەناردەکردنی نەوتی خاو و گازی شل لە جیهاندا لەو ڕێڕەوەوە تێدەپەڕێت.

XS
SM
MD
LG