تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پشتگیری خۆی بۆ رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەربڕی و نوسیوێتی سوپاسی هەردوو لادەکەم بۆ هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەم کاتە هەستیارەدا.
باراک ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی وزە و باشترکردنی ئابووری ناوچەکە. هەروەها داوای بەردەوامبوونی هاوکاری و ڕێگەی دیپلۆماسی کرد و ڕۆڵی ئەو دوو لایەنەی بە "بەهادار" ناوبرد.
باڵیۆزی ئەمەریکا جەختی لەسەر "ئازایەتی و هاوکارییە بەردەوامەکان" کردەوە کە بوونەتە هۆی نزیکبوونەوەی دوو لایەنەکە. هەروەها ڕایگەیاند وەلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بە تەواوی پابەندە بە پشتگیری ئەم هەوڵانە، بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا.
ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدا دێت کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەستکەوتی نوێیان تۆمار کردووە، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و داهات.
ئەم هەنگاوە ئەتوانێت کاریگەر بێت لە سەقامگیر کردنی بازاری وزەی جیهانی و رێکخستنەوەی نرخی نەوت لە بازارە جیهانیەکاندا.