فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند ئەو بانگەشەیەی وەزیری دەرەوەی ئێران کردوویەتی کە گوایە ئەمەریکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو و هەوڵدەدات بەرپرسیارێتیەکەی بخاتە سەر ئێران، "درۆیە".
لە نووسینێکدا کە لەلایەن سێنتکۆمەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە هێزەکانی ئێران هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیان ئاراستەی وڵاتانی دراوسێیان کردووە. بە گوتەی سوپای ئەمەریکا، ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی بەرفراوان ئامانجە مەدەنییەکانیان لەو وڵاتانە کردووەتە ئامانج، لەوانە هۆتێل، فڕۆکەخانە، شوێنی نیشتەجێبوون و ژێرخانی ئابووری.
سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمەریکا تەنیا بۆ بە ئامانجگرتنی توانا سەربازییەکانی ئێران بەکاردەهێنرێن. بەگوێرەی ئەو فەرماندەییە، ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنانە نەهێشتنی ئەو مەترسیانەیە کە ئێران بۆ سەر ناوچەکە دروستی دەکات.
هەروەها لە نووسینەکەی سێنتکۆمدا هاتووە، گەڕاندنەوەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئەمەریکا لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە "بانگەشەیەکی بێ بنەمایە" و ڕاستییەکان ئەوەیە کە سەرچاوەی زۆرێک لە هێرشە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و مووشەکییەکان لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئێران و هێزەکانی سەر بەو وڵاتە.