وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بە توندی سەرکۆنەی هێرشێکی درۆنیی کرد کە ڕۆژی دووشەممە کرایە سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر و دەڵێت پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بڵاوکراوەیەکیدا ڕایگەیاند، "بە توندرین شێوە بەئامانجگرتنی کونسوڵخانەی گشتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە کوردستانی عێراق سەرکۆنە دەکەین."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان "بە ڕوونی یاسا و ڕیسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن."
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، هێرشە درۆنییەکەی ڕۆژی دووشەممە هیچ قوربانییەکی مرۆیی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە کونسوڵخانەکە.
هەرچەندە هەتا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە دەرنەبڕیوە، بەڵام هاوکاتە لەگەڵ دەیان هێرشی هاوشێوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێران و هێزە بریکارەکانییەوە لە عێراق.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، "بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوایانە دەکات" کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.
فەرمانگەکە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، "بەداخەوە شەوی ڕابردوو کونسوڵگەری گشتیی ئیمارات کرایە ئامانج، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕە و هەمیشە لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوەژیان بووە لە ناوچەکە."
حکومەتی هەرێم دەشڵێت، "پێویستە حکومەتی عیراق بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروەریی عێراق بگرێتە ئەستۆ و ڕێگری لەو دەستە و گروپە توندڕەو و لە یاسا دەرچووانەی ناوخۆی عیراق بکات کە بەبێ بیانوو بە بەردەوام هەرێمی کوردستان بەئامانج دەگرن."
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دوێنێ دووشەممە لە بڵاوکراوەیەکیدا هێرشەکەی بە "تیرۆرستی" ناوبرد و گوتی "پێشهاتێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی."
ئیمارات داوای لە حکومەتی هەرێم و عیراق کرد لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن، ئەنجامدەرانی دەستنیشان بکەن و سزا بدرێن.