ئەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە ئەمەریکاییەی کە لە دەریای سورەوە پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران دەکات، ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی لە ناودا تۆمار دەکرێت.
وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا دەڵێت ڕووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە شەڕەوە نییە.
فەرماندەی ناوەندی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی لە ناو کەشتی فڕۆکەهەڵگری جەنگی یو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد ڕایگەیاند، کە ئێستا بۆ ئەرکی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ڕژێمی ئێران لە دەریای سورە.
فەرماندەی ناوەندی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا گوتی، "هیچ زیانێک بە وێستگەی پاڵنەریی کەشتییەکە نەگەیشتووە و کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە بە تەواوی کاردەکات."
دەشڵێت، "لە ئێستادا دوو دەریاوان چارەسەری پزیشکی وەردەگرن بەهۆی برینەکانیانەوە کە مەترسی لەسەر ژیانیان نییە و باری تەندروستییان جێگیرە."
فەرماندەکە ئاماژەی دا ئەو ڕووداوە لە بەشی جلشۆری کەشتییەکە بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە چالاکی سەربازییەوە نییە.